بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە یەکەم کاتژمێری گەیشتنی بۆ واشنتۆن، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕوپڕی دەستپێکرد کە تەوەری سەرەکییان پرسی "هەڕەشەکانی ئێران" و ئایندەی دانوستانە ئەتۆمییەکان بوو.
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ناتانیاهۆ لە شوێنی حەوانەی خۆی (بلێر هاوس) لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا و جارید کۆشنەر، زاوا و ڕاوێژکاری پێشووی دۆناڵد ترەمپ کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، ویتکۆف و کۆشنەر ناتانیاهۆیان لە وردەکارییەکانی گەڕی یەکەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتۆن و تاران ئاگادار کردەوە کە هەینی ڕابردوو ئەنجامدرابوو.
تۆڕی CNN ئاشکرای کردووە کە ناتانیاهۆ تەنها بۆ قسەکردن لەسەر دیپلۆماسی نەچووەتە ئەمریکا، بەڵکو پلانی هەیە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ تاوتوێی بژاردە سەربازییەکان بکات دژی ئێران، ئەگەر بێت و دانوستانەکان شکستیان هێنا.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە "ناتانیاهۆ زانیاری هەواڵگری نوێ دەربارەی تواناکانی سوپای ئێران، بەتایبەت بەرنامەی مووشەکی بالیستی، دەخاتە بەردەم ترەمپ."
ناتانیاهۆ پێش ئەوەی بەرەو ئەمریکا بڕوات لە لێدوانێکدا وتی: "لە کاتی ئەم سەردانەدا کۆمەڵێک پرس تاوتوێ دەکەین: غەززە و ناوچەکە، بەڵام بێگومان پێش هەموو شتێک دانوستانەکان لەگەڵ ئێران."
وتیشی: "بۆچوونەکانی خۆمان سەبارەت بەو بنەمایانەی کە پێویستە ئەم دانوستانانەی لەسەر بونیاد بنرێت پێشکەشی سەرۆک دەکەم، ئەم بنەمایانە نەک تەنها بۆ ئیسرائیل، بەڵکو بۆ هەموو ئەوانەی بەدوای ئاشتی و ئاسایشدا دەگەڕێن، گرنگن."
لە بەرامبەردا، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، هۆشدارییەکی توندی دایە ئەمریکا و ناتانیاهۆی بە "تێکدەر"ی پرۆسەی دیپلۆماسی ناو برد. لاریجانی داوای لە واشنتۆن کرد کە ڕێگە نەدات گوشارەکانی ئیسرائیل ڕێڕەوی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان بگۆڕێت.
