Apora Logo

نرخى نه‌وت به‌رزبووەوە؛ بازاڕ چاوەڕێی دەرەنجامی گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران دەکات

نرخى نه‌وت به‌رزبووەوە؛ بازاڕ چاوەڕێی دەرەنجامی گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران دەکات

ئاپۆڕانیوز - بەشی ئابووری

11/2/2026

ڕۆژی چوارشەممە، نرخەکانی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا ڕوویان لە بەرزبوونەوە کرد. ئەمەش بەهۆی تێکەڵەیەک لە چاوەڕوانیی بازرگانان بۆ ئاڕاستە نوێیەکانی بازاڕ و بەردەوامیی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکانی پەیوەست بە دۆسیەی ئەتۆمی و سەربازیی نێوان واشنتن و تاران.

بەپێی دوایین ئامارەکان، بەرمیلێک نەوتی برێنت بە ڕێژەی 0.78% بەرزبووەوە و گەیشتە 69.20 دۆلار.

هاوکات نەوتی خاوی ئەمریکا بە ڕێژەی 0.86% بەرزبووەوە و گەیشتە 64.51 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.


دیپلۆماسی و هەڕەشەی سەربازی:

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سەڵتەنەتی عومان میوانداریی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی نێوان دیپلۆماتکارانی ئەمریکا و ئێرانی کرد بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان. هەرچەندە وەزیری دەرەوەی عومان ئاماژەی بە "ئەرێنی بوونی" گفتوگۆکان کردبوو، بەڵام بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەگەری ناردنی دووەم حاملە تەیارەی ئەمریکی بۆ ناوچەکە لە ئەگەری شکستهێنانی دیپلۆماسی، دیسانەوە بازاڕی نەوتی نیگەران کرد و نرخەکانی بەرزکردەوە.


چاوەڕوانییەکان بۆ یەدەگی ئەمریکا:

هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییە سیاسییەکان، وەبەرهێنەران چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی هەفتانەی فەرمانگەی زانیاریی وزەی ئەمریکا (EIA) دەکەن. شرۆڤەکاران پێشبینی دەکەن یەدەگی نەوتی خاو نزیکەی 800 هەزار بەرمیل زیاد بکات.

هەروەها بەنزین و سووتەمەنی بە بڕی 1.7 ملیۆن بەرمیل (بە تێکڕا) کەمی کردبێت.

;