کۆبوونەوەیەکی نهێنی ڕەغد سەدام حسێن و جۆلانی لە دیمەشق، پەردە لەسەر پیلانگێڕییەکی مەترسیداری هەواڵگریی بەریتانیا و ئوردن لادەدات، بە ئامانجی زیندووکردنەوەی بەعسییەکان و چەتەکانی داعش و گواستنەوەیان بۆ قوڵایی خاکی عێراق، ئەمەش عێراق ڕووبەڕووی جەنگێکی خوێناویی ناوخۆیی دەکاتەوە و مەترسیی دەخاتە سەر شنگال و کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان.
ماڵپهڕى فۆکس پرێسی عەرەبی ئاشکرای کرد، لە 16 مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ڕەغد سەدام حسێن، کچی سەرۆکی پێشووی ڕژێمی شۆڤێنیزمی بەعسی ڕووخاو، لە دیمەشق لەگەڵ جۆلانی، بە چاودێری هەواڵگری بەریتانیا و ئوردن لە دیمەشق کۆبوونەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە و سەرۆکی هەواڵگری حکومەتی کاتیی سووریا و دوو بازرگانی ئوردنی، لەگەڵ حەوت ئەفسەری باڵای ڕژێمی پێشووی بەعس، ئامادە بوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەى لەناو کۆبوونەوەکەوە دزەیان کردووە، ڕەغد سەدام و جۆلانی بەپێی پیلانگێڕییەکی داڕێژراوی هەوڵگری بەریتانیا، سوپایەکی چەند هەزار چەکداریی لە چەتەکانی داعش و “فیداییەکانی سەدام” و چەکدارە سووننە توندڕەوەکان، ئامادە دەکەن، بۆ گواستنەوەیان بۆ پارێزگای ئەنبار لە عێراق و شەڕی حەشدی شەعبی و گرووپەکانی نزیک لە ئێران.
کۆبوونەوەکە لهژێر ناوى “کاتژمێری سفر” ئهنجام دراوه و زیاتر لە دوو کاتژمێری خایاندووە، تێیدا گفتوگۆ لەسەر دابەشکردنى ئەرکەکان کراوە، جۆلانی لەسەر داوای بەریتانیا و ئوردن بریاریداوە شوێن و بارەگای فەرمی بداتە لایەنگرانی ڕەغد سەدام حسێن و حزبی بەعس تا لەوێوە چالاکییەکانیان ئهنجام بدهن.
هەر بەپێی زانیارییەکان، لە قۆناغی یەکەمدا سوپایەک، لە 25هەزار چەکدار پێکدەهێندرێت، بۆ ئەوەی پارێزگای ئەنبار و ڕۆژئاوای عێراق تا دەگاتە دەشتی موسڵ بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، ئەم پیلانەش هاوکاتە لەگەڵ گواستنەوەی چەتەکانی داعش لە زیندانەکانی سووریاوە، بۆ ناو قوڵایی خاکی عێراق، ئێستا ئەو ناوچەیە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە ئامادە کراوە بۆ چەتەکانی داعش.
ئەم کۆبوونەوەیە ترسی لای دەسەڵاتدارانی عێراق بەتایبەت شیعەکان درووستکردووە، بۆیە کەوتووەنەتە ڕاوەدوونانی ئەفسەر و بەرپرسانی پێشووی ڕژێمی بەعس، لەو چەند ڕۆژەدا ژمارەیەک لە خزم و کەسە نزیکەکانی سەدام حسێن دەستگیر کراون، هاوکات سوپای عێراق و حەشدی شەعبی خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
محەمەد موالیدی سەرۆکی پارتی ڕزگاری نیشتیمانى لە سوریا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی کۆبوونەوەی دیمەشق دەشڵێت: رەغد سەدام دوای کۆبوونەوەی
لەگەڵ جۆلانی لە دیمەشق، لەگەڵ شاندێکی ئیسرائیلیی کۆبووەتەوە.
ئامانجەکانی ئەم پیلانگێڕییە چین؟
بەریتانیا لە ئێستادا سەرقاڵی گۆڕینی باڵانسی هێز و دیزاینکردنەوەی ناوچەکەیە، لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە، بە زیندووکردنەوەی بەعسییەکان و چەتەکانی داعش، عێراق دووچاری شەڕێکی ناوخۆیی و خوێناویی گەورە دەکاتەوە، لەپێناو کۆتاییهێنان بە هەژموونی ئێران و ڕاوەدوونانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، بۆ کۆتاییهێنان بە پڕۆژەی هیلالی شیعیی، هاوکات بە دەستبەسەرداگرتنی پارێزگای ئەنبار کە هاوسنووری سێ دەوڵەتە،
دەرگای دەستڕاگەیشتنی ئێران بە دەریای ناوەڕاست بەیەکجاری دادەخەن.
مەترسییەکانی ئەم پیلانگێڕییە بۆ سەر کورد
ئەم پیلانگێڕییە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر گەلی کوردیش، بە گەڕانەوەی ئەو هێزانە بۆ هەمان خاڵی ساڵی 2014، مەترسی ڕاستەوخۆ و جدی بۆ سەر شنگال درووست دەبێت، هاوکات بە پاڵهێزی ئەو شانە نووستوانەی چەتەکانی داعش، کە لە نێوان بێجی و کەرکووک مۆڵدراون، کەرکووک دەکەوێتە ژێر هەڕەشەی هێرش، هەروەها بەشێکی پیلانەکە، گۆڕینی دیمۆگرافیایە لە ڕێگەی تەعریبەوە، لەم ڕوانگەیەشەوە، جارێکیتر کوردانی مەخموور ،کەرکووک، خورماتوو و ناوچە دابڕێنراوەکان دەبنە جێی مەترسی هێرش و کۆمەڵکوژیی.
بە ڕای چاودێران، ئەگەر پێش لەم پیلانگێڕییە نەگیرێت و ئامادەکاری پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەکرێت، ئەوا لە دواڕۆژدا دەبێتە مەترسی بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی عێراق و هەرێمی کوردستان.
