Apora Logo

ستیڤان دوجاریک: بارودۆخی مرۆیی لە ڕۆژئاوای کوردستان کارەساتبارە

ستیڤان دوجاریک: بارودۆخی مرۆیی لە ڕۆژئاوای کوردستان کارەساتبارە

ئاپۆڕانیوز : بەشی هەواڵ

10/2/2026

وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان تا 3ـی ئەم مانگە نزیکەی 160هەزار کەس لە کۆچبەرییدا ماونەتەوە، لە هەندێک ناوچە کارەبا و ئاو و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان نییە، بارودۆخی مرۆیی لە ڕۆژئاوای کوردستان کارەساتبارە.


ستیڤان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، سەبارەت بە دوایین زانیارییەکان لەسەر دۆخی سووریا و تێکچوونی بارودۆخی مرۆیی کۆبانێ و ڕۆژئاوای کوردستان لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا زانیاری نوێی خستەڕوو.


ستیفان دوجاریک ڕایگەیاند، هاوکارەکانمان پێیان ڕاگەیاندووین، دوای ئەو ڕێککەوتنەی لە 30ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ڕاگەیاندرا، شەڕ و پێکدادانەکان لە حەلەب و حەسەکە و ڕەقە کەمی کردووە، بەڵام تا 3ی شووبات نزیکەی 160هەزار کەس لە دۆخی کۆچبەرییدا ماونەتەوە.


ئاماژەی بەوەشکرد، پچڕانی کارەبا و تێکدانی سیستەمی ئاو بەردەوامە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان پچڕ پچڕن، زنجیرەکانی دابینکردنی خۆراک سنووردارە و خوێندن لە زۆر شوێندا بە وەستانی ماوەتەوە.


وتیشی: ئەو هاوکارییانەی لە نێوان 25یکانوونی دووەم تا 5ـی شووبات گەیاندراونەتە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، بریتیبوون لە 10 کاروانی هاوکاری هاوبەش بۆ قامیشلۆ و کۆبانێ، کە پێکهاتبوون لە 154بارهەڵگر.


ئەوەشی خستەڕوو، پێموایە بوونی کارمەندە مرۆییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان یارمەتیدەرە بۆ دابینکردنی ئاستێک لە پاراستنی هاوڵاتییان، هەروەها هەندێک خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەین.


جێگەی ئاماژەیە، ماوەی 22ڕۆژە چەتەکانی جۆلانی-داعش و دەوڵەتی تورک گەمارۆیەکی توندیان لە سەر کۆبانێ ڕاگەیاندووە، ڕێگە بە چوونی هاوکاریی بۆ ئەو شارە نادەن، کە بەهۆی شەڕەکانی پێشووەوە سەدان خێزان کۆچبەری کۆبانێ بوون، زۆربەیان لە خوێندنگەکان و مزگەوتەکان دەمێننەوە.

;