Apora Logo

پەرلەمانی بەریتانیا داوای پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات

پەرلەمانی بەریتانیا داوای پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات

زیاتر لە 70 پەرلەمانتار و لۆردی پارتی کرێکاران و پارێزگاران، نامەیەکیان بۆ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئیڤێت کووپەر نارد و ڕایانگەیاند، گەلی کورد لە ڕۆژئاوا پێویستی بە پاراستنە و دەبێت حکومەت دەستبەجێ هەنگاوبنێت.

10/2/2026


زیاتر لە 70پەرلەمانتار و لۆرد و کەسایەتی، لە پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدار (Labour)، پارێزگارانی ئۆپۆزسیۆن (Conservative)، دیموکراتە لیبراڵەکان، (Plaid Cymru ya ji Wales)، پارتی نەتەوەیی سکۆتلەندا (SNP)، پارتی سەوز (Green Party)، پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (DUP) و پارتی (Sinn Fein) لە ئیرلەندای باکوور، نامەیەکیان بۆ وەزیری دەرەوەی ئیڤێت کووپەر نارد و داوای پاراستنی ڕۆژئاوایان کرد.


لە نامەکەدا دووپاتکراوەتەوە کە وڵاتەکەیان قەرزاری ژن و پیاوانی کوردە کە ساڵانێکە دژی تیرۆری داعش بەرخۆدان دەکەن و هەنگاونان لەم قۆناغە سەختەدا، کەمترین وەڵامە بۆ گێڕانەوەی ئەم قەرزە.


لە نامەکەدا نیگەرانیی خۆیان بەرانبەر هێرش و مەترسییەکانی سەر ڕۆژئاوا دەردەبڕن و ڕایدەگەیەنن، بەهۆی هێرشی گرووپەکانی سەر بە ئەحمەد شەرعەوە زیاتر لە 150هەزار کەس کۆچبەر بوون و بەهۆی هەبوونی تەقەمەنی و پاشماوەکانییەوە هەزاران خەڵکی مەدەنی لە زێدی خۆیان هەڵهاتوون.


هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن ئەو گرووپانەی هێرشیان کردووەتە سەر قەسەدە ناویان لە لیستی تیرۆری بەریتانیادایە، لەوانەش لیوای حەمزات و سوڵتان موراد و سوڵتان سولەیمان شا کە تاوانبارن بە هێرشکردنە سەر هاوڵاتییانی مەدەنی.


لە نامەکەدا جەختکراوەتەوە کە هێشتا مەترسیی هەن و توندوتیژییەکان زیان بە هاوڵاتییانی مەدەنی بێتاوان و کوردانی ناوچەکە دەگەیەنن.


لە درێژەی نامەکەدا ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانەوە، قەسەدە ناچاربووە لە کامپی هۆل کە خێزانەکانی داعشی تێدا ڕاگیراون بکشێتەوە، هەروەها ناچاربووە لە کامپی شەدادی بکشێتەوە کە نزیکەی دوو هەزار چەکداری داعشی تێدابووە، ئەمەش مەترسییەکی جددییە سەبارەت بە ئایندەی ئەم چەکدارانەی داعش و ئاسایشی ناوچەکە و جیهان.


لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کوردەکان هاوپەیمانێکی ڕاستەقینەی بەریتانیان و دەڵێن: کاتێک تێکۆشانی کوردەکان بۆ لەناوبردنی داعش لە سووریا بیری خۆمان دەهێنینەوە، تێدەگەین کە حکومەتی بەریتانیا بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆ بۆ پشتگیرکردن لە کوردەکان.


لە نامەکەدا دووپاتکراوەتەوە کە ئەم ڕووداوانە تەنها بە لێدوان و ڕاگەیاندراو ڕێگەیان لێ ناگیرێت، دەبێت بەریتانیا لەگەڵ وڵاتە هاوپەیمانە هەرێمی و نێونەتەوەییەکان کاربکات بۆ پاراستنی گەلی کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەدیهێنانی چارەسەرێکی درێژخایەن.


داواکاریی بەپەلەی پەرلەمانتار و لۆردەکان:


– هەڵوێستێکی ڕوون دژی توندوتیژیی سەر هاوڵاتییانی مەدەنی نیشان بدرێت، پشتگیریی لە چارەسەرێکی سیاسیی درێژخایەن بکرێت و کە ڕێز لە مافی کەمینەکانی سووریا بگرێت.


– هەڵسەنگاندن بۆ سزادانی ئەو کەس و لایەنانەی توندوتیژی دژی هاوڵاتییانی مەدەنی ئەنجام دەدەن.


– گرتنەبەری هەوڵی دیپلۆماسی لەگەڵ هاوپەیمانە هەرێمی و نێونەتەوەییەکان بۆ ڕێگریی لە زیادبوونی گرژییەکان.


– هاوکاریی مرۆیی پێویست بۆ خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بنێردرێت و ئەم هاوکارییانە بەشێوەیەکی سەلامەت بگەیەنرێتە هەرێمەکە.

;