ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی دڵنیای كردونه‌ته‌وه، موچه‌ی ئه‌مساڵی موچه‌خۆران به ته‌واوی مسۆگه‌ركراوه و دواكه‌وتنی موچه‌ش چیتر دوباره نابێته‌وه.
ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید له‌لێدواتنێكدا بۆ رۆژنامه‌ی سه‌باحی نیمچه فه‌رمی رایگه‌یاندوه، به‌وته‌ی ته‌یف سامی موچه‌ی ساڵی 2026 به‌ته‌واوه‌تی مسۆگه‌ركراوه، ئه‌وه‌ی له مانگی ڕابردودا ڕویدا به‌هۆی كۆمه‌ڵێك كێشه‌وه بوه له هه‌ندێك لیست كه بۆ چاككردنه‌وه گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه، به‌ڵام دواكه‌وتنه‌كه له موچه‌ی مانگی (شوبات/2) و مانگه‌كانی دیكه دوباره نابێته‌وه
سه‌باره‌ت به قسه‌كردن له‌سه‌ر كه‌می نه‌ختینه‌یی، ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید ڕونیكرده‌وه، "هیچ گرفتێكی وه‌به‌رهێنان نییه تاوه‌كو نه‌ختینه‌یی نه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و بانكی ناوه‌ندی، پرسی ته‌وتینی موچه و هه‌ندێك ڕێكاری دیكه وا ده‌كات بتوانرێت پاره‌ی نه‌ختینه‌یی له‌به‌رده‌ستی وه‌زاره‌تی داراییدا بێت بۆ موچه
له لێدوانه‌كه‌یدا ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، بارگرانی ده‌سته‌به‌ركردنی موچه بۆ حكومه‌ت شتێكی نوێ نییه، هه‌موان ده‌زانن كه بڕی پاره‌ی پێویست بۆ موچه له ساڵی 2016ه‌وه تا 2025 له 16 ترلیۆنه‌وه بۆ 64 ترلیۆن دینار زیادیكردوه، كه ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌یه، به‌و پێیه‌ی ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان و وه‌رگرانی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی زیاتر له هه‌شت ملیۆن كه‌سن
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕبونی 10 رۆژ به‌سه‌ر مانگی (كانونی دوه‌م/1)ی ئه‌مساڵ، تا ئێستا موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان موچه‌ی مانگی رابردویان وه‌رنه‌گرتوه و له نوێترین په‌یامێكیشدا وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه رایگه‌یاند، چاوه‌ڕوانی گه‌یشتنی ته‌مویلی پاره‌ین بۆئه‌وه‌ی به‌زوترینكات ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی (كانونی دوه‌م/1)ی 2026ی موچه‌خۆران بكه‌ین.
