بەهۆی کێشەی کورتهێنانی پارەی نەختینە (کاش)، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2016، لە پارێزگای دیالە ڕووبەڕووی گرفت بووەوە و بەشێک لە فەرمانبەران بە لێبڕینەوە مووچەکانیان وەرگرت.
بەپێی زانیارییەکان، فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو، شارەوانی و کشتوکاڵ لە دیالە، لە 8ی شوباتدا مووچەکانیان وەرگرتووە، بەڵام بڕێکی لێ بڕدراوە.
لەم بارەیەوە جەواد فەیزوڵڵا، قایمقامی خانەقین، دەڵێت، کە بڕی لێبڕینەکە گەیشتووەتە نزیکەی 14% و لە کاتی خستنە سەر "ماستەرکارد" و "کەی کارت"ـی فەرمانبەران ئەو بڕە کەمکراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی کەمیی پارەی تەرخانکراوی مووچە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ئەو بڕە بڕاوە، باس لەوەش دەکات، بەدواداچوون دەکەن بۆئەوەی لە ئاییندەدا ئەو پارە بۆ فەرمانبەرەکان بگەڕێندرێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی مانگەکانی ڕابردوو تا 25ی مانگ دابەشکردنی مووچە تەواو دەبوو، بەڵام ئەم مانگە بەهۆی نەبوونی پارەی کاش دابەشکردنی مووچە دواکەوت.
حکومەتی عێراق مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 8 تریلیۆن دینار هەیە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان.
