یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ پلانێکی بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە خاکی سووریا نییە و تا کۆتاییهێنان بە مەترسییەکانی "تیرۆر" لەو وڵاتە دەمێننەوە. جەختیشی کردەوە کە ئاسایشی تورکیا هێڵی سوورە و ڕێگە بە هیچ چالاکییەکی جوداخوازی نادەن.
یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە نوێترین لێدوانیدا دەنگۆکانی کشانەوەی سوپای وڵاتەکەی لە باکووری سووریا ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: "هیچ پلان و بەرنامەیەکمان بۆ کشانەوە لە سووریا نییە و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا لە سەروو هەموو ئەولەویەتەکانمانەوەیە."
وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە تەواوی ئەگەر و سیناریۆ سیاسییەکان لە ئارادان، بەڵام سوپای تورکیا تا ئەو کاتەی مەترسیی تیرۆر بەتەواوی لەسەر سنوورەکانی تێپەڕ دەبێت، لە ئەرکەکانی خۆی لە ناو خاکی سووریا بەردەوام دەبێت. وتیشی: "تا کاتی کۆتاییهێنان بە مەترسییەکان، لە ناوچەکەدا دەمێنینەوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، یەشار گولەر تیشکی خستە سەر ڕێککەوتنەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی دیمەشق و ڕایگەیاند، ئەو ڕێککەوتنانە نابنە ڕێگر لەبەردەم تورکیا بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی.
گولەر جەختی کردەوە: "ئەنقەرە بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە چالاکییە تیرۆریستی و جوداخوازییەکان نادات کە ئامانجیان تێکدانی ئاسایشی تورکیا بێت، بێ گوێدانە ئەوەی کێ لە پشت ئەو ڕێککەوتنانەوەیە."
ئەم لێدوانانەی وەزیری بەرگریی تورکیا لە کاتێکدایە، کە پێشتر لە میدیاکاندا باس لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی تورکیا دەکرا وەک مەرجێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، بەڵام ئەم لێدوانە نوێیە ئاماژەیە بۆ توندبوونی هەڵوێستی سەربازیی تورکیا لە ناوچەکەدا.
