سەرۆکی دەرەوەی حەماس هۆشداری دەدات لە پیلانێکی ئیسرائیل بۆ تێکدانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی سوریا و دەڵێت: ئیسرائیل دەوڵەتی سوریای ناوێت و کار بۆ بەهێزکردنی کورد، دروز و عەلەوییەکان دەکات تەنها بە مەبەستی لاوازکردنی قەوارەی دەوڵەت.
خالید مەشعەل، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە دەرەوە، ڕایگەیاند کە ئیسرائیل بە توندی دژی سەقامگیری دەوڵەتی سوریایە و کار بۆ تێکدانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە دەکات. مەشعەل ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل لەبری دەوڵەتێکی یەکگرتوو، چاوی لەوەیە سوریا تەنها وەک "هەرێمێکی سوننی" بمێنێتەوە و پێکهاتەکانی وەک کورد، دروز و عەلەوی لە دژی دەوڵەت بەهێز بکات.
ئەو بەرپرسەی حەماس جەختی کردەوە کە ستراتیژی ئیسرائیل تەنها لە سنوورەکان و داماڵینی چەک لە دیمەشق و جەبەل شێخ کورت نابێتەوە، بەڵکو پیلانێکی فراوانتری هەیە بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەنگاوێکی دەسەڵاتی نوێ بەرەو بەهێزبوونەوە.
وتیشی: "ئەوان دەیانەوێت پێکهاتەی کۆمەڵگەی سوری بە تەواوەتی تێکبدەن بۆ ئەوەی ڕێگری لە دروستبوونەوەی دەوڵەتێکی بەهێز بگرن کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان."
