دوای ئاشکرابوونی پەیوەندییە دارایی و کەسییەکانی لەگەڵ ملیاردێری کۆچکردووی ئەمریکی، جێفری ئێپستین، مونا یۆل باڵیۆزی نەرویج لە ئوردن و عێراق بە فەرمی دەستی لەکار کێشایەوە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە ناوی ناوبراو لە نوێترین لیستی بەڵگەنامە نهێنییەکانی دادگای ئەمریکادا بڵاوکرایەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانی نەرویج و ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، جێفری ئێپستین لە وەسیەتنامەکەیدا بڕی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ هەردوو کوڕەکەی "مونا یۆل" و هاوسەرەکەی "تێری ڕود لارسن" تەرخان کردووە. مونا یۆل کە ئێستا تەمەنی 66 ساڵە، یەکێکە لە دیپلۆماتکارە هەرە دیارەکانی نەرویج و دەورێکی سەرەکی هەبووە لە داڕشتنی ڕێککەوتنی ئۆسلۆی 1993 لە نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل.
ئێسپن بارت ئایدە، وەزیری دەرەوەی نەرویج، لە لێدوانێکدا پشتیوانی خۆی بۆ دەستلەکارکێشانەوەکە دەربڕی و ڕایگەیاند: "ئەمە بڕیارێکی دروست و پێویست بوو. پەیوەندییەکانی یۆل لەگەڵ تاوانبارێکی وەک ئێپستین، هەڵەیەکی کوشندە بووە لە هەڵسەنگاندنی دیپلۆماسیدا."
ئاماژەی بەوەشکرد، وردبینی لەو بودجانە دەکەین پێشتر دراونەتە "پەیمانگای نێودەوڵەتی ئاشتی (IPI)" کە لەلایەن هاوسەری یۆلەوە بەڕێوەدەبرا.
پێشتر وەزارەتی دادی ئەمریکا زیاتر لە 3 ملیۆن لاپەڕە و هەزاران ڤیدیۆ و وێنەی نوێی دۆسیەکەی ئێپستینی بڵاوکردووەتەوە کە ناوی چەندین سەرکردەی جیهانی وەک دۆناڵد ترەمپ و بیل کلینتۆنی تێدایە.
جێفری ئێپستین کێ بوو؟
جێفری ئێپستین ملیاردێرێکی ئەمریکی بوو کە بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە منداڵان و دەستدرێژی سێسی دەستگیرکرا. لە ساڵی 2019دا، لە کاتی چاوەڕوانی دادگاییکردنیدا لە زیندانێکی نیویۆرک بە "خۆکوژی" کۆتایی بە ژیانی هات، بەڵام دۆسیەکەی تا ئێستاش هەژانی گەورە لە ناوەندە سیاسییەکانی جیهاندا دروست دەکات.
