Apora Logo

پلانە نوێیەکەی سپەیس ئێکس؛ شارێک لەسەر مانگ و مەریخ دروست دەکرێت

پلانە نوێیەکەی سپەیس ئێکس؛ شارێک لەسەر مانگ و مەریخ دروست دەکرێت

ئاپۆڕانیوز - بەشی تەکنەلۆژیا

9/2/2026

ئیلۆن ماسک، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای سپەیس ئێکس، ستراتیژی نوێی کۆمپانیاکەی بۆ داگیرکردنی بۆشایی ئاسمان ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، کە لە ماوەی کەمتر لە 10 ساڵدا یەکەم شاری خۆبژێو لەسەر ڕووی مانگ بونیاد دەنێن، ئەمەش وەک هەنگاوێکی خێرا بۆ پاراستنی شارستانیەتی مرۆڤ و ئامادەکاری بۆ گەیشتن بە هەسارەی مەریخ.


ماسک لە ڕێگەی پۆستێکەوە لە سۆشیاڵ میدیای "ئێکس" ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە مەریخ ئامانجێکی درێژخایەنە و دەیانەوێت لە 5 بۆ 7 ساڵی داهاتوودا دەست بە بنیاتنانی شارێک بکەن لەوێ، بەڵام لە ئێستادا مانگ لە پێشینەی کارەکانە. ئەو دەڵێت: "پاراستنی داهاتووی شارستانیەتی مرۆڤایەتی ئەرکی سەرەکیمانە، مانگیش خێراترین و نزیکترین ڕێگایە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە."


بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، سپەیس ئێکس پلانێکی چڕی داناوە:

لە کۆتایی 2026: ئامانجی ماسک بۆ ناردنی یەکەم ئەرکی بێ سەرنشین بۆ مەریخ.


لە ئازاری 2027، وادەی نیشتنەوەی یەکەم کەشتی بێ سەرنشین لەسەر مانگ.


ئەم هەنگاوانەی سپەیس ئێکس لە کاتێکدایە کە کێبڕکێی نێوان ئەمریکا و چین بۆ کۆنترۆڵکردنی بۆشایی ئاسمان گەیشتووەتە لووتکە. ئەمریکا هەوڵ دەدات دوای زیاتر لە 50 ساڵ (لە دوای ساڵی 1972)، جارێکی تر مرۆڤ بنێرێتەوە سەر ڕووی مانگ.


ئەم لێدوانانەی ماسک دوای هەواڵێکی گەورەی ئابووری هات؛ سپەیس ئێکس کە بەهاکەی بە 1 تریلیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت، کۆمپانیای xAI (دروستکەری ژیریی دەستکردی Grok) بە بەهای 250 ملیار دۆلار کڕی. ئەم یەکگرتنە هێزێکی بێوێنە دەداتە ماسک تاوەکو تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد لە گەشتە ئاسمانییەکان و بنیاتنانی شارە نوێیەکانی سەر مانگ و مەریخ بەکاربهێنێت.

;