Apora Logo

ئیسرائیل فشار دەخاتە سەر ترەمپ: یان جێبەجێکردنی ئەم مەرجانە، یان بژاردەی سەربازی

ئیسرائیل فشار دەخاتە سەر ترەمپ: یان جێبەجێکردنی ئەم مەرجانە، یان بژاردەی سەربازی

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

9/2/2026

دوای بەڕێوەچوونی خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران لە مەسقەتی پایتەختی عومان، کە بە "ئەرێنی و جیدی" وەسف کرا، ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئەنجامەکانی ئەم دیدارانە بە دڵی تەلئەبیب نەبووە. ئیسرائیل ئێستا لە هەوڵێکی چڕدایە بۆ ئەوەی ئەمریکا لە ڕێڕەوی دیپلۆماسی دووربخاتەوە و بەرەو بژاردەی سەربازی هانی بدات.


لە پێشهاتێکی کتوپڕدا، بنیامین نەتانیاهۆ بڕیاریدا کاتی سەردانەکەی بۆ واشنتن پێشبخات بۆ ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو. بەپێی زانیارییەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان، نەتانیاهۆ لیستێکی داواکاریی "توند" دەخاتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ، کە گرنگترینیان ئەمانەن:


- هەڵوەشاندنەوەی تەواوی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران.

- قەدەغەکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم بە هەموو شێوەیەک.

- گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دەرەوەی ئێران.

- دیاریکردنی مەودای مووشەکەکان بۆ تەنها 300 کیلۆمەتر.

- هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا.


ئەوەی سەرنجی چاودێرانی ڕاکێشاوە، یاوەریکردنی فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئیسرائیلە بۆ نەتانیاهۆ لەم سەردانەدا. ئەم هەنگاوە وەک پەیامێکی ناڕاستەوخۆ دەبینرێت کە ئیسرائیل خۆی بۆ هەموو ئەگەرە سەربازییەکان ئامادە کردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی کەناڵی 12ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە ئەمریکا قۆناغی یەکەمی ئامادەکارییەکانی بۆ "لێدانێکی زۆر گەورە" دژ بە ئێران تەواو کردووە.


دەستەی پەخشی ئیسرائیلی (کان) ئاماژە بەوە دەکات کە تەلئەبیب دەترسێت ترەمپ لەو خاڵانە پاشەکشە بکات کە پێشتر لەسەری ڕێککەوتبوون. ئیسرائیل دەیەوێت دانوستانەکان تەنها لەسەر "ئەتۆم" نەبێت، بەڵکو هەموو هەژموونی ئێران بگرێتەوە.


لەکاتێکدا میدیاکانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن کە واشنتن لە ئامادەکاریی تەواودایە و سەردانی نوێنەرانی ترەمپ بۆ سەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" وەک نیشانەی جیدییەت دەبینن، بەڵام دواخستنی لێدانە سەربازییەکە لەلایەن ئەمریکاوە بووەتە هۆی توڕەیی بەرپرسانی ئیسرائیل.


چاودێران پێیان وایە ئێستا ناوچەکە لە نێوان دوو جەمسەردایە: جەمسەری دیپلۆماسی کە مەسقەت و واشنتن هەوڵی بۆ دەدەن، و جەمسەری جەنگ کە ئیسرائیل وەک تەنها چارەسەر دەیبینێت.

;