سەرەڕای هەبوونی ڕێککەوتنی پێشوەختە لە نێوان هەولێر و بەغداد، پڕۆسەی هەناردەکردنی مریشک و بەرهەمە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق تاوەکو ئێستا دەستی پێنەکردووە. وەزارەتی کشتوکاڵیش ئاماژە بە هەبوونی چەند “لەمپەرێکی تەکنیکی” دەکات.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، پێشتر ڕایگەیاندبوو، کە تەواوی ڕێکارەکانی تایبەت بە ناردنی مریشکی زیندوو و بەستووی پەسند کردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ڕزگار حەمەد خدر، ڕاوێژکاری وەزارەتەکە ڕایگەیاند، هەندێک کێشەی ورد لە نێوان هەردوولادا هەن کە پەیوەستن بە شێوازی بارکردن، چۆنێتیی گرێبەست لەگەڵ کێڵگەکان و داننان بە بڕوانامە تەندروستییەکان.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، کە عێراق ڕێکارەکانی گواستنەوەی ناردووە، بەڵام هەرێم تێبینی لەسەر هەبووە و دوای گۆڕانکاری، ئێستا چاوەڕوانی وەڵامی بەغداد دەکەن بۆ دەستپێکردنی فەرمیی هەناردەکە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، هەرێمی کوردستان توانایەکی زۆری لە بەرهەمهێنانی مریشکدا هەیە و دەتوانێت پێداویستییەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش پڕ بکاتەوە:
ژمارەی پەلەوەرخانەکان: ١,٨٤٠ پەلەوەرخانە.
بەرهەمی ساڵانە: زیاتر لە ١٠٥ ملیۆن مریشک (نزیکەی ٢٥٠ هەزار تۆن گۆشت).
دابەشبوونی پەلەوەرخانەکان: سلێمانی (٧٢٧)، هەولێر (٥٧٦)، دهۆک (٣٤٤) و هەڵەبجە (٣٥).
بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵ جەخت دەکەنەوە، کە عێراق دوای قەدەخەکردنی هاوردەی مریشکی بەستووی دەرەکی، خواستی لەسەر بەرهەمی هەرێم هەیە. ئامانجی سەرەکیی وەزارەتیش لەم هەوڵانە، دروستکردنی بازاڕێکی جێگیرە بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکان و ساغکردنەوەی ماندووبوونی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان.
