Apora Logo

عێراقچی: ئامادەین بۆ ڕێککەوتنێکی "دڵنیاکەرەوە" لەگەڵ واشنتن

عێراقچی: ئامادەین بۆ ڕێککەوتنێکی "دڵنیاکەرەوە" لەگەڵ واشنتن

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

7/2/2026

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بگاتە ڕێککەوتنێکی "دڵنیاکەرەوە" لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە دۆسیەی پیتاندنی یۆرانیۆم، بەڵام جەختی کردەوە کە تاران دەستبەرداری مافی خۆی لە پیتاندن نابێت.


عێراقچی لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە پابەندین بە مافی خۆمان لە بەردەوامبوون لە پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەمە مافێکی ڕەوای ئێرانە و دەبێت بەردەوام بێت."


سەبارەت بە توانای سەربازی و مووشەکی وڵاتەکەی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە توندی ڕایگەیاند: "پرسی مووشەکی ئێران بە هیچ شێوەیەک جێگەی دانوستان نییە؛ مووشەکەکان بابەتێکی بەرگریی ڕەهایە و لە هیچ قۆناغێکدا ناخرێتە سەر مێزی گفتوگۆکان."


عێراقچی ئاشکرای کرد کە دانوستانەکانی ئەم دواییەی عومان (مەسقەت) بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنی ئەمریکی ئەنجامدراون. وتیشی: "گفتوگۆکان تەنها لە چوارچێوەی دۆسیەی ئەتۆمیدا بوون و باسی هیچ بابەتێکی دیکە لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە نەکراوە."


وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی پێشووی واشنتن گرت و وتی: "گەڕانەوەی واشنتن بۆ سەر مێزی دانوستان دوای ئەوەی پێشتر پەنایان بۆ هێرشی سەربازی بردبوو، نیشانەی شکستی بژاردەکانی فشارە.


لە کۆتاییدا عێراقچی وتی: "دانوستانەکانی ئەم دواییە سەرەتایەکی باش بوون، بەڵام بۆ بنیاتنانی متمانە لە نێوان تاران و واشنتن، هێشتا ڕێگەیەکی درێژمان لەپێشە و ئەم هەنگاوانە بە واتای گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی نایەت لە ئێستادا."

;