Apora Logo

کەشناسی: شەپۆلێکی باران و سەرما هەرێم دەگرێتەوە

کەشناسی: شەپۆلێکی باران و سەرما هەرێم دەگرێتەوە

ئاپۆرا نیوز- بەشی هەواڵ

7/2/2026

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە شەپۆلێکی بارانبارین و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما ڕوو لە ناوچەکە دەکات.


بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێم بە گشتی هەوری باراناوی دەبێت سەرەتا بە شێوەی نمەباران و بارانی مامناوەندی پچڕپچڕ دەست پێدەکات، بەڵام لە کاتەکانی شەودا کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت و لە هەندێک ناوچە دەبێتە لێزمەباران.


هاوکات لە ناوچە سنوورییە شاخاوییەکان، ئەگەری بەفر بارینێکی کەم هەیە. پلەکانی گەرماش بەراورد بە دوێنێ، بە ڕێژەی 3 بۆ 6 پلە نزم دەبنەوە.


کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، سبەی یەکشەممە ئاسمان بە هەوری تەواوی دەمێنێتەوە. لە کاتەکانی بەیانیدا بارانی مامناوەند دەبارێت، پاشان لە نیوەڕۆ بەدواوە کاریگەری شەپۆلەکە لاواز دەبێت و تەنها بە شێوەی نمەبارانی پچڕپچڕ دەمێنێتەوە، بەتایبەت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان.


هەروەها چاوەڕوان دەکرێت پلەکانی گەرما لە ڕۆژی یەکشەممەدا بە بڕی 2 بۆ 4 پلە ڕوو لە بەرزبوونەوە بکەنەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

 

 


;