Apora Logo

ترەمپ سوورە لەسەر هەڵوێستەکەى؛ داوای لێبووردن لە ئۆباما ناکەم

ترەمپ سوورە لەسەر هەڵوێستەکەى؛ داوای لێبووردن لە ئۆباما ناکەم

ئاپۆرا نیوز- بەشی هەواڵ

7/2/2026

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی تر مشتومڕی ناوەو و ڕایگەیاند کە بە هیچ شێوەیەک داوای لێبووردن ناکات لەسەر بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەکی "ڕەگەزپەرستانە" کە تێیدا سووکایەتی بە باراک ئۆباما و هاوسەرەکەی کراوە.


ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتی (Air Force One) ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو تەنها سەرەتای ڤیدیۆکەی بینیوە و نەیزانیوە لە کۆتاییەکەیدا چی هەیە. وتیشی: "من تەنها سەرەتای ڤیدیۆکەم بینی کە باسی ساختەکاری هەڵبژاردن دەکات، پاشان دام بە فەرمانبەرەکانم بۆ بڵاوکردنەوە، کەس نەیزانی ئەو دیمەنە لە کۆتاییەکەیدایە."


ڤیدیۆکە کە لە سەکۆی (Truth Social) بڵاوکراوەتەوە، ماوەکەی یەک خولەکە و باس لە تیۆرییەکانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنی 2020 دەکات. لە چرکەی کۆتایی ڤیدیۆکەدا، وێنەی باراک ئۆباما و میشێلی هاوسەری بە شێوەی دوو مەیموون نیشان دراون.


لای خۆیەوە، کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی بەرگری لە ترەمپ کرد و ڕایگەیاند: "ئەمە تەنها ڤیدیۆیەکی ساتیری و تەنزئامێزە، کە ترەمپ وەک پاشای دارستان و دیموکراتەکان وەک کەسایەتییەکانی فیلمی (Lion King) نیشان دەدات." داواشی کرد کە خەڵک لەم "تووڕەییە دەستکردە" بوەستن و باسی کێشە گرنگەکان بکەن.


گافین نیوسۆم، پارێزگاری کالیفۆرنیا، ڕەفتارەکەی ترەمپی بە "قێزەون" ناوبرد. هاوكات بێن ڕۆدس، ڕاوێژکاری پێشووی ئۆباما، ڕایگەیاند کە مێژوو ئۆباما وەک کەسایەتییەکی خۆشەویست یاد دەکاتەوە، بەڵام ترەمپ وەک "پەڵەیەکی ڕەش" دەبینرێت.

;