Apora Logo

زێڕ ڕووی لە هەڵکشان کردەوە؛ نرخەکەی لە بازاڕەکانی جیهان و کوردستان بەرزبووەوە.

زێڕ ڕووی لە هەڵکشان کردەوە؛ نرخەکەی لە بازاڕەکانی جیهان و کوردستان بەرزبووەوە.

ئاپۆڕانیوز - بەشی ئابووری

7/2/2026

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ داخرانی بازاڕە جیهانییەکان، نرخی زێڕ بازدانێکی گەورەی تۆمارکرد و پێشبینی دەکرێت لە هەرێمی کوردستانیش نرخەکەی بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە.


لە دواین مامەڵەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممەدا، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە ڕێژەی 3.98٪ بەرزبووەوە، کە یەکسانە بە 189 دۆلار. بەوەش نرخی هەر ئۆنسەیەک گەیشتە 4,964 دۆلار و لە چەند مامەڵەیەکی داهاتووشدا ئاستی 4,979 دۆلاری تۆمار کرد.


دوایین نرخی داخرانی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی پێنجشەممەدا، کاتێک ئۆنسەیەک بە 4,906 دۆلار بوو، بەم شێوەیە بوون:

- مسقاڵێک زێڕی عەیار 18: 925 هەزار دینار.

- مسقاڵێک زێڕی عەیار 21: 1 ملیۆن و 80 هەزار دینار.

- مسقاڵێک زێڕی عەیار 22: 1 ملیۆن و 130 هەزار دینار.

بەهۆی ئەم بەرزبوونەوە نوێیەی بازاڕی جیهانی، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕەکاندا لە هەرێمی کوردستان، نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ 15 بۆ 20 هەزار دینار گرانتر ببێت.


هۆکارەکان؛ بۆچی زێڕ گران بوو؟

ناجێگیرییەکانی ئەم هەفتەیەی بازاڕی زێڕ پەیوەست بوون بە چەند گۆڕانکارییەکی سیاسی و ئابوورییەوە:

- سیاسەتی بانکی ناوەندی ئەمریکا: دوای دیاریکردنی "کێڤن وارش" بۆ سەرۆکایەتی بانکی ناوەندی، دۆلار بەرزبووەوە و زێڕ دابەزی، چونکە ناوبراو بە توندی لە سیاسەتی سووی بانکی ناسراوە.

- بێکاری لە ئەمریکا: زیادبوونی ژمارەی داواکارانی بیمەی بێکاری بۆ 231 هەزار کەس، ئەگەری کەمکردنەوەی سووی بانکی و بەرزبوونەوەی نرخی زێڕی زیاتر کرد.

- گرژییە ناوچەییەکان: ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوەڕاستی هەفتەدا کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەبوو، هەرچەندە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی هەینی لە عومان و لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران تا ڕادەیەک دڵنیایی بە بازاڕەکان بەخشییەوە.


لەم هەفتەیەدا بازاڕی زێڕ زۆرترین ناجێگیری بەخۆیەوە بینیوە؛ نزمترین ئاستی تۆمارکراو 4,404 دۆلار و بەرزترین ئاستیش گەیشتە 5,092 دۆلار. ئێستا وەبەرهێنەران چاوەڕێن ببینن ئایا زێڕ دەتوانێت پێگەی خۆی لە سەروو ئاستی 5,000 دۆلار جێگیر بکاتەوە یان نا.

;