Apora Logo

لاڤرۆڤ: لە ئەگەری تەقینەوەی دۆخی ئێران، روسیا تەنها وەک بینەر دانانیشێت

لاڤرۆڤ: لە ئەگەری تەقینەوەی دۆخی ئێران، روسیا تەنها وەک بینەر دانانیشێت

ئاپۆڕا نیوز - بەشی هەواڵ

5/2/2026

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا هۆشداری دەدات لەوەی دۆخی ئێران بەرەو تەقینەوەیەکی گەورە دەچێت کە کاریگەریی لەسەر تەواوی ناوچەکە دەبێت، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە مۆسکۆ بەبێ دەستوەردان تەنیا بینەر نابێت.

لاڤرۆڤ لە لێدوانێکدا رایگەیاند، دۆخی ئێران مەترسیی تەقینەوەیەکی گەورەی لێدەکرێت کە رەنگە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە. راشیگەیاند: "ئێران هاوبەشێکی نزیکی ئێمەیە و بەرامبەر بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دەستەوستان ناوەستین." وەزیری دەرەوەی روسیا جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی ئامادەیە هاوکار بێت بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تەل ئەبیب، واشنتن و تاران.

سێرگی لاڤرۆڤ رونیکردەوە کە مۆسکۆ لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ ئیسرائیل، ئێران و ئەمریکا، خۆی وەک نێوەندگیر ناسەپێنێت، بەڵکو تەنیا گفتوگۆ لەسەر دۆخەکە دەکات بە ئامانجی رێگری لە زیاتر تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە.

لەلایەکی دیکەوە، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان واشنتن و تاران بەردەوامن. بەرپرسانی هەردوولا رایانگەیاندووە، پلانی کۆبوونەوەی مەسقەت کە بڕیارە سبەینێ هەینی بەڕێوەبچێت، گەڕاوەتەوە سەر رێڕەوی رەسمیی خۆی. ئەم هەنگاوەی ئیدارەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە سەرکردە عەرەب و موسڵمانەکان فشارێکی زۆریان خستە سەر واشنتن تاوەکو لە دانوستانەکان نەکشێتەوە، ترەمپیش وەک رێزێک بۆ داواکاریی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، رەزامەندیی لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە داوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی، دانوستانەکانی سبەینێی مەسقەت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەبن. چاوەڕوان دەکرێت عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بن، تاوەکو گوێ لە پێشنیارەکانی یەکدی بگرن لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی و ئاسایشی ناوچەکە.


;