ڕێکخەرانی کاروانی هاوکارییەکانی "پلاتفۆرمی هاوپشتی لەگەڵ کۆبانێ" ڕایانگەیاند، کە دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕێگرییان لە کاروانێکی مرۆیی کردووە کە بڕیاربوو لە خاکی تورکیاوە بەرەو شاری کۆبانێ لە باکووری سووریا بپەڕێتەوە. بەو هۆیەشەوە کاروانەکە ناچار کراوە بگەڕێتەوە بۆ شاری ئامەد.
کاروانەکە لە 25 بارھەڵگر پێکهاتبوو، کە کەلوپەلی پێویستی وەک (ئاو، شیر، شیری منداڵ و بەتانی)یان هەڵگرتبوو. ئەم هاوکارییانە بۆ پشتیوانی لەو ئاوارەانە کۆکرابوونەوە کە بەهۆی پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان سوپای سووریا و هێزە کوردییەکان ڕوویان لە کۆبانێ کردووە.
دانیشتووانی کۆبانێ بە ئاژانسی "فرانس پرێس"یان ڕاگەیاندووە کە شارەکە بەدەست کەمیی توندی خۆراک، ئاو و کارەباوە دەناڵێنێت، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی لەڕادەبەدەری ژمارەی ئاوارەکان لە ناوچەکەدا.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە هەینی ڕابردوو، حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ ڕاگرتنی شەڕ و یەکخستنی ناوچەکە.
شاری کۆبانێ کە ئێستا ڕووبەڕووی تەنگژەی مرۆیی بووەتەوە، لە مێژووی هاوچەرخدا وەک سیمبولی یەکەم سەرکەوتنی گەورەی کورد بەسەر ڕێکخراوی داعش لە ساڵی 2015دا دەناسرێت.
