Apora Logo

مەسرور بارزانی: نابێت خەڵکی هەرێم باجی خراپ ئیدارەدانی دارایی عێراق بدەن

مەسرور بارزانی: نابێت خەڵکی هەرێم باجی خراپ ئیدارەدانی دارایی عێراق بدەن

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

4/2/2026

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی، لە دیدارێکی میدیاییدا دواین پەرەسەندنەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و کێشەی مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستانی ڕوون کردەوە.


سەرۆک وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند، بابەتی مووچە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە بەغداوە هەیە و بەگوێرەی دەستوور، شایستە داراییەکان مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانن. ئاماژەی بەوەش کرد کە:

نەبوونی سیولە و خراپ ئیدارەدانی داهات لە عێراق کاریگەری نەرێنی لەسەر مووچە دروست کردووە.


ئاماژەی ئاشکراشیکرد، هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر حکومەتی فیدراڵ جێبەجێ کردووە.


جەختی لەوەشکردەوە: "نابێت تەنیا خەڵکی هەرێم باجی ئەم سیاسەتە و خراپ ئیدارەدانە بدەن، پێویستە بەغدا مووچە تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان نەکات."


سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێم و پێکنەهێنانی کابینەی نوێ، مەسرور بارزانی ئاشکرای کرد کە وەک پارتی ویستوویانە دوای هەڵبژاردنەکان دەستبەجێ حکومەت پێکبهێنرێت، بەڵام لایەنەکانی دیکە "وەک پێویست نەهاتوونەتە پێشەوە".


سەبارەت بە گفتوگۆکان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وتی: "هەنگاوی زۆرمان بڕی و ئەجێندایەکی هاوبەشمان دانا، بەڵام بەداخەوە یەکێتی لەسەر هەندێک پۆست نەهاتە پێشەوە و ئەوەش بووە هۆی دواکەوتنی حکومەت."


لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆک وەزیران داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد ڕێز لە ئیرادەی دەنگدەران و ئەنجامی هەڵبژاردن بگرن، چونکە بەشداریکردن لە پرۆسەکە بەواتای پابەندبوون دێت بە ئەنجامەکانییەوە.

;