Apora Logo

هیومان ڕایتس وۆچ: ڕەوشی مرۆیی لە ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی بێوێنە

هیومان ڕایتس وۆچ: ڕەوشی مرۆیی لە ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی بێوێنە

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

4/2/2026

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بۆ ساڵی 2026 کە بەشێکی راپۆرتەکەی تەرخانکردووە بە دۆخی ئێران لە ساڵی 2025دا، وێنەیەکی تەمومژاوی و ترسناکی دۆخی ئەو ووڵاتە نیشان دەدات و ڕایدەگەیەنێت، ڕێژەی لەسێدارەدان و سەرکوتکردن گەیشتووەتە ئاستێک کە لە چل ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە.


دۆخی لەسێدارەدان؛ گەڕانەوە بۆ "ساڵە ڕەشەکان"

بەپێی ڕاپۆرتە 529 لاپەڕەییەکەی ڕێکخراوەکە، ساڵی 2025 ساڵی "پێشێلکاری سیستماتیکی مافی ژیان" بووە لە ئێران. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن:


-زیاتر لە 2000 کەس تا کۆتایی ساڵی 2025 لەسێدارە دراون، ئەم ژمارەیەبە بەرزترین ئاست دادەنرێت لە دوای کۆتایی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو.


- زیاتر لە نیوەی سزاکان پەیوەست بوون بە تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر، کە ئەمەش دژ بە یاسا

نێودەوڵەتییەکانە.


سەرکوتی خوێناوی و "کۆمەڵکوژی" خۆپێشاندەران

ڕێکخراوەکە وەسفی دۆخەکە بە کۆمەڵکوژی دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە سەرەتای ساڵی 2026دا، شەپۆلی سەرکوتکردنەکان گەیشتووەتە لوتکە. هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی ڕێکخراو چەکی کوشندەیان دژ بە هاووڵاتیان بەکارهێناوە و "تەقەیان لە سەر و سنگی" خۆپێشاندەران کردووە. هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانانە، هێڵی ئینتەرنێتیان بە تەواوی پچڕاندووە.


ئامانجەکان؛ کەمینەکان، ژنان و زیندانیانی سیاسی

ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر چەند خاڵێکی هەستیار لە ناوخۆی ئێران:

- کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان: سوننەکان و بەهاییەکان بەردەوام لەژێر گوشار و چەوساندنەوەدان.

- باڵاپۆشی زۆرەملێ: بەردەوامی سوکایەتیکردن بە ژنان و جێبەجێکردنی یاسا جیاکارییەکان.

- ئەشکەنجە: بەکارهێنانی سزای جەستەیی وەک جەڵدە لێدان و بڕینەوەی ئەندامانی جەستە لە زیندانەکاندا.


تێوەگلان لە "تاوانی جەنگ"

بەشێکی تری ڕاپۆرتەکە تایبەتە بە ململانێی دەرەکی، کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە:

- هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی "ئێڤین" لە تاران وەک تاوانی جەنگ ئەژمار دەکرێت.

- هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکانی ئیسرائیل، کە بووەتە هۆی کوژرانی 20 سڤیل، وەک تاوانی جەنگ ئەگەری لێکۆڵینەوەیان لەسەرە.


ئاڵنگارییە جیهانییەکان

فیلیپ بۆلۆپیۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوەکە، هۆشداری دەدات کە "شکاندنی دیکتاتۆری" گەورەترین ئاڵنگاری ئەم سەردەمەیە و داوا لە وڵاتە دیموکراسخوازەکان دەکات هاوپەیمانییەکی ستراتیژی بۆ پاراستنی ئازادییەکان پێکبهێنن.



سەرچاوە: ڕاپۆرتی ساڵانەی Human Rights Watch"

;