لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە نوێیەکانی ناو دامەزراوە سەربازییەکانی ئیسرائیل، بڕیاردرا بە دەستنیشانکردنی ئەفسەرێکی ژن لە نەتەوەی عەرەب و ئایینی مسوڵمان وەک وتەبێژی نوێی سوپا بۆ کاروباری عەرەب، ئەمەش دوای خانەنشینبوونی وتەبێژی پێشوو.
دوای 20 ساڵ لە کارکردن وەک دەمڕاستی سوپای ئیسرائیل بۆ جیهانی عەرەبی، ئەفیخای ئەدرائی گەیشتە تەمەنی خانەنشینی. سوپای ئیسرائیل بۆ پڕکردنەوەی ئەم پۆستە هەستیارە، پەنای بردۆتە بەر لێهاتوویی "ئێلا واویا" کە وەک شیاوترین کاندید بۆ ئەو ئەرکە لەسەر ئاستی وڵاتەکە بینراوە.
ئێلا واویا کێیە؟
ئێلا واویا، کە ئێستا تەمەنی 36 ساڵە، ناسنامەیەکی جیاوازی لەناو سوپای ئیسرائیلدا هەیە. لە ساڵی 1988 لە شاری "قەڵانسوە" لەناو خێزانێکی مسوڵمانی عەرەب لەدایکبووە.
ساڵی 2013 بە شێوەی خۆبەخش و دوور لە چاوی خێزانەکەی پەیوەندی بە سوپاوە کردووە، چونکە لەناو کۆمەڵگەی عەرەبیی ناوخۆی ئیسرائیلدا چوونە ناو سوپا بە کارێکی نائاسایی دەبینرێت.
بەهۆی شارەزایی لە زمان و میدیادا، توانیویەتی پلە سەربازییەکان ببڕێت و ببێتە ئەفسەر.
تا دواجار وەک وتەبێژی فەرمی سوپا دەستنیشانکراو بو بە یەکەم ژنە مسوڵمان کە ڕاستەوخۆ پەیامەکانی سوپا ئاڕاستەی وڵاتانی عەرەبی و میدیا جیهانییەکان بکات.
