بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی بۆ 24 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کەشوهەوا بەرەو سەقامگیری دەڕوات و پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کەشناسی، ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی گرتبووەوە، لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە کاریگەرییەکەی کۆتایی دێت. ئاسمانی زۆربەی ناوچەکان لە نیمچە هەورەوە دەگۆڕێت بۆ ساماڵ و پەڵە هەور.
کەشناسی هەرێم ئاماژە بەوەشدەکات، سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی ڕاپەڕین و بەشەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئیدارەی گەرمیان، ئەمڕۆ تا کاتەکانی نیوەڕۆ ئاسمانی نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمە باران لە ناوچەی جیا جیا، لە دوای نیوەڕۆ کاریگەری بارانبارین کۆتایی دێت لەم ناوچانە، بەڵام بە هۆی زیاد ڕادەی شێ لە هەوادا ئەگەری دروست بوونی تەم هەیە لە هەندێ ناوچە لە ئێوارەو شەودا ئاسمان بۆ ساماڵ و پەڵە هەور دەگۆڕێت.
کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە کە پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوەیەکی کەم دەکەن. سەبارەت بە هاتووچۆش، هۆشداری دەدات کە مەودای بینین لە کاتی دروستبوونی تەمدا لە نێوان ٢ بۆ ٩ کیلۆمەتر دەبێت، کە ئەمەش پێویستی بە وریایی شۆفێران هەیە لە کاتی شەو و بەیانیاندا.
