رەغد سەدام حسێن، کچە گەورەی سەرۆکی پێشووی عێراق، کاردانەوەی توندی بەرامبەر هەواڵی کوژرانی سەیفولئیسلام قەزافی نیشان دا و ڕووداوەکە بە "تیرۆریستی" و "ترسنۆکانە" وەسف دەکات.
رەغد سەدام حسێن لە پەیامێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە سۆشیاڵ میدیای "ئێکس" بڵاوی کردووەتەوە، وێڕای ئیدانەکردنی ڕووداوەکە، دەڵێت: "تاوانی کوشتنی برای ستەملێکراوم سەیفولئیسلام قەزافی ئیدانە دەکەم، کە بە کردەوەیەکی ترسنۆکانەی تیرۆریستی کرایە ئامانج."
کچەکەی سەدام حسێن لە هەمان پەیامدا، پرسە و هاوخەمی قووڵی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری کوڕەکەی قەزافی کردووە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، شەوی ڕابردوو چوار کەسی چەکداری نەناسراو هەڵیانکووەتە سەر ماڵی سەیفولئیسلام قەزافی لە شاری زەنتانی باشووری لیبیا و لەوێدا کوشتوویانە.
سەیفولئیسلام قەزافی، کە کاریگەرترین کوڕی موعەمەر قەزافی بوو، پاش ڕووخانی ڕژێمەکەی باوکی لە ساڵی 2011، لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی زەنتانەوە دەستگیرکرا. پاش چەندین ساڵ مانەوە لە زیندان، لە ساڵی 2017 بەپێی یاسای لێبووردنی گشتی ئازاد کرا، بەڵام هەر لەو شارەدا لەژێر چاودێریدا مایەوە تا ئەو کاتەی شەوی ڕابردوو لە هێرشێکی چەکداریدا کۆتایی بە ژیانی هێنرا.
