ڕۆژی چوارشەممە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر داواکارییەکەی تاران بۆ گواستنەوەی شوێنی دانوستانە چاوەڕوانکراوەکانی نێوانیان لە تورکیاوە بۆ سەڵتەنەتی عومان.
باراک ڕافید، پەیامنێری ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، کە واشنتن بە داواکەی ئێران ڕازی بووە و بڕیارە ڕۆژی هەینی دانوستانە ئەتۆمییەکان لە جیاتی ئەستەمبوڵ، لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەبچن.
ئەم گۆڕانکارییە تەنها شوێن ناگرێتەوە، بەڵکو ئێران داوای کردووە شێوازی کۆبوونەوەکەش بگۆڕدرێت و
دانوستانەکە تەنها بە شێوەی "دووقۆڵی" بێت لە نێوان تاران و واشنتن. پێشتر بڕیاربوو لایەنی عەرەبی و ئیسلامی وەک چاودێر ئامادەبن، بەڵام ئێران داوای کردووە چوارچێوەی گفتوگۆکان بچوک بکرێتەوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئێران لە هەندێک لە لێکتێگەیشتنەکانی پێشوو پاشەکشەی کردووە. ئەمەش وایکردووە چاودێران هۆشداری بدەن؛ ئەگەر ئەم دانوستانانەی ڕۆژی هەینی سەرکەوتوو نەبن، ئەوا ئەگەری هەیە دۆناڵد ترەمپ لە ڕێڕەوی دیپلۆماسی دوور بکەوێتەوە و پەنا بۆ بژاردەی سەربازی ببات، بەتایبەت کە ئەمریکا لە ماوەی ڕابردوودا هێزێکی زۆری لە ناوچەکەدا جێگیر کردووە.
لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی، پشتڕاستی کردەوە کە وڵاتەکەی "ئێستا" لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆدایە، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ وردەکارییەک دەربارەی شوێن و کاتی وردی کۆبوونەوەکە ئاشکرا بکات.
