Apora Logo

بلۆمبێرگ: ئەمریکا هەڕەشەی بڕینی داهاتی نەوت لە عێراق دەکات

بلۆمبێرگ: ئەمریکا هەڕەشەی بڕینی داهاتی نەوت لە عێراق دەکات

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

4/2/2026

ئاژانسی "بلۆمبێرگ"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کردووە، واشنتۆن هۆشدارییەکی توندی داوەتە بەرپرسانی عێراق کە ئەگەر نووری مالیکی وەک سەرۆک وەزیران دەستنیشان بکرێت، ڕەنگە دەستڕاگەیشتنی عێراق بە داهاتی نەوت لە بانکی فیدراڵی ئەمریکا سنووردار بکرێت.


بەپێی سەرچاوەکانی بلۆمبێرگ، ئەم هۆشدارییە لە میانی کۆبوونەوەیەک لە تورکیا لە نێوان عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و بەرپرسانی باڵای ئەمریکا دراوە. ئەمریکا مالیکی وەک کەسێکی نزیک لە تاران دەبینێت و نایەوێت دووبارە بگەڕێتەوە سەر کورسی دەسەڵات.


ئەم فشارانە هاوکاتن لەگەڵ هەڵوێستە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاندبوو "سیاسییەکانی عێراق ناتوانن مالیکی هەڵبژێرن."


لە بەرامبەردا، ئێران داوای لە هاوپەیمانە عێراقییەکانی کردووە لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ترەمپدا خۆڕاگر بن.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە مانگی ڕابردوو ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس، پەیامێکی پیرۆزبایی خامنەیی گەیاندووەتە لایەنە شیعەکان بۆ کاندیدکردنی مالیکی، ئەمەش توڕەیی واشنتۆنی لێکەوتووەتەوە.


ئەم هەڕەشەیەی ئەمریکا بۆ سەر عێراق مەترسیدارە چونکە، سەرجەم پارەی نەوتی عێراق لە بانکی فیدراڵی لە نیویۆرک دادەنرێت و حکومەتی عێراق مانگانە پێویستی بە 7 ملیار دۆلار هەیە بۆ مووچە، کە لەو داهاتە دابین دەکرێت، جگە لەوەش مانگانە 500 ملیۆن دۆلار بە شێوەی کاش لە ئەمریکاوە دەگاتە بەغدا، زیاتر لە 90%ی بودجەی عێراق تەنها پشت بە نەوت دەبەستێت و هەر جۆرە سزایەک یان ڕێگرییەک لەلایەن ئەمریکاوە، دەبێتە هۆی داڕمانی خێرای ئابووری عێراق و نەتوانینی حکومەت بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران.

;