Apora Logo

مۆڵەتێکی کورت بۆ کورد و کاندیدێکی جێی مشتومڕ؛ ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی کۆدەبێتەوە

مۆڵەتێکی کورت بۆ کورد و کاندیدێکی جێی مشتومڕ؛ ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی کۆدەبێتەوە

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

4/2/2026

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز ئەنجام بدەن. ئامانجی کۆبوونەوەکە دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکە بۆ کۆتاییهێنان بەو چەقبەستووییە سیاسییەی کە زیاتر لە مانگێکە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی پەکخستووە.


بەپێی زانیارییەکان، ئەم کۆبوونەوەیە دوای گەڕانەوەی شاندی چوارچێوەی هەماهەنگی دێت لە هەرێمی کوردستان. سەرچاوە سیاسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت سقفێکی زەمەنی کە لە دوو ڕۆژ تێپەڕ نەکات دیاری بکات بۆ ئەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش یان میکانیزمێکی ڕێککەوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بگەنە ئەنجام.


تاوەکو ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت لەسەر کاندیدکردنی نوری مالیکی دەکاتەوە، لەم بارەیەوە عەلی صابرکینانی، ئەندامی پەرلەمان لە فراکسیۆنی "ئەبشری یا عێراق" ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ئەنجامی گفتوگۆکانی هەرێم تاوتوێ دەکات، هەرچەندە مالیکی کاندیدی سەرەکییە، بەڵام مەرج نییە بڕیاری کۆتایی بێت و ئەگەری گۆڕانکاری لە ئارادایە بەپێی بەرژەوەندیی نیشتمانی."


وەک هەوڵێک بۆ نەهێشتنی گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، پێشنیارێک دراوە کە تێیدا یەکێک لە حیزبەکان لە کاندیدی سەرۆک کۆمار پاشەکشە بکات لە بەرامبەر وەرگرتنی:

- پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان.

- یان وەرگرتنی وەزارەتێکی سیادی و گرنگ لە کابینەی داهاتوودا.


چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ تەنها کۆبوونەوەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ توانای چوارچێوەی هەماهەنگی لە گۆڕینی گفتوگۆکان بۆ کردار و دەربازکردنی وڵات لەم تەنگژە دەستوورییەی تێیکەوتووە.

;