بەهۆی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە ناوچەی کەنداو، نرخەکانی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاویان تۆمار کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە بەرمیلێک نەوتی برێنت بە ڕێژەی 0.8% بەرزبووەوە و گەیشتە 67.89 دۆلار.
هاوکات نەوتی خاوی تەکساس بە ڕێژەی 1.0% گەشەی کرد و گەیشتە 63.84 دۆلار.
شارەزایان پێیانوایە، یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ خراپبوونی بارودۆخی ئەمنی لە دەریای عەرەب و گەرووی هورمز، دوای ئەوەی ئەمریکا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی خستە خوارەوە.
کۆشکی سپیش ئەمڕۆ ڕایگەیاند، تاران داوا دەکات شوێن و ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی لەگەڵ واشنتۆن بگۆڕدرێت، ئەمەش بازاڕی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە سەبارەت بە گەیشتن بە ڕێککەوتنی سیاسی.
لە لایەکی دیکەوە داتاکانی پەیمانگای پترۆڵی ئەمریکی ئاماژە بە دابەزینێکی پێوانەیی دەکەن لە کۆگاکانی نەوتدا (زیاتر لە 11 ملیۆن بەرمیل)، کە ئەمەش فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر نرخەکان بۆ بەرزبوونەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییانە، بەردەوامی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا و ڕێککەوتنە بازرگانییەکانی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی وەک هیندستان، بوونەتە هۆی ئەوەی خواستی جیهانی لەسەر وزە بە بەرزی بمێنێتەوە و مەترسییەکانی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی ڕووسیاش بەردەوام بن.
