Apora Logo

ریکۆردی نوێ؛ گەورەترین بازدانی نرخی زێڕ لە ماوەی 15 ساڵدا

ریکۆردی نوێ؛ گەورەترین بازدانی نرخی زێڕ لە ماوەی 15 ساڵدا

ئاپۆڕانیوز - بەشی ئابووری

4/2/2026

ئەمڕۆ چوارشەممە، بازاڕەکانی جیهان شایەتی بەرزبوونەوەیەکی بێوێنەی نرخی زێڕ بوون. بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی جیۆپۆلیتیکی و زیادبوونی مەترسییەکان، وەبەرهێنەران پەنایان بۆ کڕینی زێڕ برد وەک "پەناگەیەکی ئارام"، ئەمەش وایکرد نرخەکەی بگاتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا.


نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بە ڕێژەی 2.7% بەرزبووەوە و گەیشتە 5071.79 دۆلار ئەمەش گەورەترین هەڵکشانی ڕۆژانەیە لە دوای قەیرانی دارایی ساڵی 2008.


هۆکارە سیاسییەکان و گرژییەکانی ناوچەکە

جوڵەی بازاڕ دوای ئەوە هات کە سوپای ئەمریکا خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە نزیک کەشتی هەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" لە دەریای عەرەب ڕاگەیاند. ئەم ڕووداوە ترسی هەڵگیرسانی جەنگی لە ناوچەکەدا زیاتر کرد.


هاوکات، واژۆکردنی یاسای خەرجییەکان لەلایەن ترەمپ و کۆتاییهێنان بە داخستنی حکومەت، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر متمانەی بازاڕ هەبووە، لە کاتێکدا هەمووان چاوەڕێی دانیشتنی ڕۆژی هەینی نێوان ئەمریکا و ئێرانن لە عومان.


تەنها زێڕ نەبوو کە بەرزبووەوە، بەڵکو کانزا بەهادارەکانی دیکەش پشکیان لەم هەڵکشانە هەبوو، زیو؛ بە ڕێژەی 3.2% بەرزبووەوە و گەیشتە 87.84 دۆلار.

پلاتینیۆم، بە ڕێژەی 2.9% گەیشتە 2273.70 دۆلار.

پالادیۆم؛ بە ڕێژەی 3% گەیشتە 1784.67 دۆلار.

;