Apora Logo

مالیكی : تورکیا و قەتەر و سوریا هۆكاری فشارەكانی ترەمپن

مالیكی : تورکیا و قەتەر و سوریا هۆكاری فشارەكانی ترەمپن

ئاپۆڕانیوز : بەشی هەواڵ

3/2/2026

نوری مالیكی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ئەلشەرقیە نیوز"، رایگەیاند "کشانەوەی محەمەد شیاع سودانی لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیی حکومەت بە سودی من، سوپرایزێکی گەورە و هەڵوێستێکی لەبیرنەکراو بووە".


ئاشکراشیکرد "سودانی هیچ جۆرە مەرج یان گەرەنتییەکی لەبەرامبەر ئەو هەنگاوەدا داوا نەکردووە و چوارچێوەی هەماهەنگی دوای گفتوگۆیەکی زۆر گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەی کە ئەو وەک کاندیدی یەکلاکەرەوە دەستنیشان بکات".


وتیشی "ڕێز لە بڕیاری لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی دەگرم و ئەگەر زۆرینەی 2/3ـی ئەندامانی چوارچێوەکە بڕیاری گۆڕینی بدەن، ئەو بەوپەڕی ڕێزەوە بڕیارەکە قبوڵ دەکەم، چونکە بڕیاردانی کۆتایی لە دەستی ئەو هاوپەیمانێتییەدایە".


 سەبارەت بە گروپە چەکدارەکانیش، مالیكی دڵنیایی دا، هیچ نیەتێکی بۆ دووبارەکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی هاوشێوەی (صولة الفرسان) نییە، بەڵکو دەڵێت ئەو گروپانە ئامادەیی هاوبەشی و هاوکارییان تێدایە و تەنیا دەیانەوێت دڵنیاییان پێ بدرێت کە دوای سنوردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، ناکرێنە ئامانج.


سەبارەت بە هێرشەکانی دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، مالیكی دەڵێت "زانیاریی هەڵە و چەواشەکارانە گەیەندراوەتە سەرۆکی ئەمریکا و هەندێک وڵات و لایەن لە رێگەی ناردنی راپۆرتی ناڕاستەوە ویستوویانە رێگری لە کاندیدکردنم بکەن".


 زیاتری ئاشکراکرد "دەنگۆیەک هەیە کە ئەو تویتەی ترەمپ لە ناوخۆی عێراق و بەدەستی عێراقییەکان نوسرابێت، هەرچەندە تائێستا ئەوە بە تەواوی نەسەلمێنراوە".


سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دووپاتی کردەوە، هیچ دەوڵەتێک مافی دەستوەردانی لە کاروباری ناوخۆی عێراق نییە، بەڵام جەختی لە گرنگیی پاراستنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت پەیوەندی لەگەڵ واشنتن کردەوە.


"گلەیم لە توركیاو قەتەرو سوریا هەیە؛ دەستوەردانیان كردووەو رۆڵیان هەبووە لە هاندانی ترەمپ". نوری مالیکی وا دەڵێ


;