سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی ئامادەیە و هەر کاتێک بەغدا بڕیاری خەرجکردنی مووچە بدات، ئەو بڕە پارەیە دەنێردرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای بڕیاری خەرجکردن، تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێردا پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، تاوەکو ئێستا فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی عێراق ئاگادار نەکراوەتەوە بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی 1. سەبارەت بە هۆکارەکانی دواکەوتنەکەش، پێشبینی دەکرێت پەیوەندی بە گەشتی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بۆ دوبەی و تەواونەبوونی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراقەوە هەبێت.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی 27ـی مانگی ڕابردوو لیستی مووچەی ڕەوانەی بەغدا کردووە و چاوەڕوانی بڕیاری کۆتاییە. ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ساڵی 2025دا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەنیا 10 مووچەیان وەرگرتووە و تاوەکو ئێستا چارەنووسی دوو مووچەی ساڵی ڕابردوو بە نادیاری ماوەتەوە.
