Apora Logo

ئێران دەرگای دانوستانەکان واڵا دەکات؛ ویتکۆف و عێراقچی کۆدەبنەوە

ئێران دەرگای دانوستانەکان واڵا دەکات؛ ویتکۆف و عێراقچی کۆدەبنەوە

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

2/2/2026

لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا کە ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە، میدیاکانی ئێران و ئاژانسی "فرانس پرێس" بڵاویانکردەوە، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، فەرمانی فەرمی دەرکردووە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی.


دیداری عێراقچی و ویتکۆف؛ یەکەم هەنگاوی کردەیی

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی، پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دانوستانەکان لە ئاستی باڵا دەستپێبکەن. سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دیدارەکە لە نێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێوەدەچێت.


هەماهەنگی لەگەڵ تەلئەبیب

هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، بڕیارە سبەینێ سێشەممە (3ی شوباتی 2026) ستیڤ ویتکۆف بگاتە ئیسرائیل و لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ و بەرپرسە باڵاکانی سوپا کۆببێتەوە.

ئامانجی ئەم سەردانە بریتییە لە؛ هەماهەنگی پێشوەختە لەگەڵ ئیسرائیل سەبارەت بە دانوستانەکانی تاران، هەروەها تاوتوێکردنی پلانی ئیدارەی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و کەمکردنەوەی گرژییەکان.


سیاسەتی نوێ و ئاسۆکانی ڕێککەوتن

ئەم جوڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەردەوامە لە بەکارهێنانی سیاسەتی "گوشار و گفتوگۆ". لە کاتێکدا واشنتن دەیەوێت گرەنتی نەبوونی چەکی ئەتۆمی لە ئێران وەربگرێت، تاران بەدوای هەڵگرتنی سزاکان و باشترکردنی دۆخی ئابووری وڵاتەکەیدایە.

;