Apora Logo

دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان لە عێراق ڕاگیرا

دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان لە عێراق ڕاگیرا

ئاپۆڕانیوز - بەشی ئابووری

2/2/2026

بەهۆی دروستبوونی کێشەی نەختینەی دارایی (سیولە)، هەردوو بانکی حکومیی ڕەشید و ڕافیدەین دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی خانەنشینانیان لە سەرتاسەری عێراق ڕاگرت.


سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، بڕیار وابوو دوێنێ یەکشەممە دەست بە خەرجکردنی مووچەکان بکرێت، بەڵام بانکەکان بەهۆی نەبوونی پارەی پێویست پڕۆسەکەیان پەکخستووە. ئێستا بانکەکان چاوەڕوانی وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکانن بۆ دابینکردنی تەرخانکراوی دارایی تا بتوانن دەست بە دابەشکردن بکەنەوە.


لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە مووچە خراوەتە سەر هەژمارەکان، تەنانەت کورتەنامە (SMS) بۆ بەشێکی زۆری خانەنشینان چووە. بەڵام کاتێک هاووڵاتییان سەردانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارەیان (ATM) کردووە، تووشی شۆک بوون بەوەی هیچ بڕە پارەیەک لە کارتەکانیاندا نەبووە.


هۆکارەکەی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟


1- نەبوونی نەختینە لە بانکەکاندا.

2- ڕاگرتنی کاتیی کارتەکان لەلایەن سیستەمی بانکییەوە تا کاتی دابینکردنی پارە.

3- بەسەرچوونی ماوەی بەکارهێنانی بەشێک لە کارتە ئەلیکترۆنییەکان.


ئەم قەیرانەی بەغداد لە کاتێکدایە، کە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هێشتا چاوەڕوانی مووچەی مانگەکانی (11 و 12)ی ساڵی ڕابردوو و مانگی یەکی ئەمساڵ دەکەن. سەرەڕای تەواوبوونی وردبینی لیستەکان لە بەغداد، بەڵام کێشەی نەناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ لەلایەن هەرێمەوە بۆ بەغداد، وەک کۆسپێکی سەرەکی لەبەردەم ناردنی پارەکە ماوەتەوە.

;