سەرچاوەیەکی ئەمنی لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە تەقینەوەیەک لە باشووری شاری حەسەکە ڕوویداوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، تەقینەوەکە لە چوارڕێیانی "پانۆراما" بووە و بەهۆی مینێکی چێنراوەوە ڕوویداوە، بەڵام هیچ زەرەر و زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتووەتەوە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە هەر لە بەیانی ئەمڕۆوە، ڕێککەوتنی نوێی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی دیمەشق چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەو هۆیەشەوە لە کاتژمێر 6ی بەیانی تا 6ی ئێوارە قەدەغەی هاتووچۆی گشتی ڕاگەیەندراوە بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.
