بەپێی پێشبینییەکانی شارەزایانی کەشناسی، لە ڕۆژی سێشەممەوە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی فراوانی بەفر و بارانبارین دەبێتەوە و مەترسیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە چەند ناوچەیەک هەیە.
لەم بارەیەوە هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند: "لە نێوەڕۆی ڕۆژی سێشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارینی زۆر باش سەرتاسەری ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەگرێتەوە. پێشبینی دەکرێت لەگەڵ بارانەکەدا هەورەبروسکەی بەهێز و تەرزە هەبێت، ئەمەش مەترسیی دروستبوونی لافاو لە ناوچە نزمەکان زیاد دەکات، بەتایبەت لە شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە."
بەپێی پێشبینییەکان، ئەم ناوچانە زۆرترین بڕی بارانیان لێ دەبارێت؛ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر.
هاوکات لەگەڵ بارانەکە، پلەکانی گەرما بە بڕی 3 بۆ 4 پلە دادەبەزن و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان بەفرێکی باش دەبارێت.
ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوەش کرد، لە درەنگانی شەوی پێنجشەممەدا بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕادەی شێ، دیاردەی تەمومژی چڕ زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە، کە پێویست دەکات شۆفێران لە کاتی هاتوچۆدا زیاتر وریابن.
