دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ئەو بەڵگەنامە نوێیانەی وەزارەتی داد لەبارەی ملیاردێری سەرلێشێواو "جێفری ئەپستاین" بڵاوی کردوونەتەوە، بە هیچ شێوەیەک تێوەگلانی ئەو نیشان نادەن، بەڵکو بە تەواوی بێتاوانییەکەی دەسەلمێنن.
ترەمپ لەسەر فڕۆکەی سەرۆکایەتی (Air Force One) بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "من خۆم بەڵگەنامەکانم نەخوێندووەتەوە، بەڵام کەسایەتی زۆر گرنگ ئاگاداریان کردمەوە کە ناوەڕۆکی ئەو دۆسیانە نەک هەر بێتاوانیم دەسەلمێنن، بەڵکو وێنەیەکی تەواو پێچەوانەی ئەوەیان نیشانداوە کە چەپە ڕادیکاڵەکان هیوایان بۆ دەخواست."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بەڵگانە دەیسەلمێنن کە هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان، لەوانە (ماڵکۆم وۆڵف)، بە مەبەستی سیاسی و بۆ زیان گەیاندن بە پێگەی ئەو، کاریان لەسەر ئەو دۆسیەیە کردووە و تۆمەتی پەیوەندیدار بە دەستدرێژی بۆ سەر کچانی مێردمنداڵیان بۆ هەڵبەستووە.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی داد پرۆسەیەکی فراوانی بڵاوکردنەوەی زانیارییەکانی دەستپێکردووە. تود بلانچ، جێگری وەزیری داد، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە قەبارەی زانیارییە بڵاوکراوەکان بریتین لە؛ زیاتر لە 3 ملیۆن بەڵگەنامەی نووسراو، و زیاتر لە 2000 ڤیدیۆ، و نزیکەی 180هەزار وێنەی جۆراوجۆر.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی داد دوای فشارێکی زۆری میدیایی و سیاسی دێت بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکانی پەیوەست بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەپستاین و ئەو کەسایەتییە سیاسییانەی ناویان لە دۆسیەکەدا هاتووە.
