Apora Logo

ئەمڕۆ شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی هەرێم دەکات

ئەمڕۆ شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی هەرێم دەکات

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

2/2/2026

بەمەبەستی دەربازکردنی پرۆسەی سیاسیی عێراق لەو بنبەستەی تێی کەوتووە، بڕیارە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، شاندێکی باڵای "چوارچێوەی هەماهەنگی" بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی بگاتە شاری هەولێر و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کورد ئەنجام بدات.


ئامانجی سەردانەکە؛ نێوەندگیری و پێکهێنانی حکوومەت

بەپێی زانیارییەکان، ئامانجی سەرەکیی سەردانی ئەم شاندە باڵایەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان، نێوەندگیرییە لەنێوان لایەنە کوردییەکان، بەتایبەت لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار. هەروەها شاندەکە هەوڵی مسۆگەرکردنی پشتگیریی کورد دەدات بۆ کابینەی داهاتووی حکوومەتی عێراق.


شاندەکەی بەغدا کە نوێنەرایەتیی بڕیاری سیاسیی زۆرینەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەن، پێکدێن لە: محەممەد شیاع سوودانی، هادی عامری، موحسین مەندەلاوی. بڕیارە شاندەکە لە لایەن

(رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی هەولێری پارتی؛ نەوزاد هادی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر) پێشوازییان لێبکرێت.


لێدوانی فەرمی

عەباس رازی، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم جووڵە سیاسییە دەرەنجامی دواین کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی چوارچێوەکەیە.


رایگەیاندووە کە ئامانجی ستراتیژییان: "دروستکردنی لێکتێگەیشتن و لێکنزیکردنەوەی بۆچوونەکانە لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار و دۆخی سیاسیی وڵات."

چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆبوونەوەکانی هەولێر، شاندەکە سەردانی شاری سلێمانیش بکات بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

;