وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوى کردەوە، دەسەڵاتی دادوەری بەپێی یاسا ناوخۆییەکان دادگاییکردنی ئەو ئەندامانەی داعشیان کردووە، کە لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق و سەلمێنراوە بەشداری تاوانەکانیان لە چوارچێوەی خاکی عێراقدا کردووە، تا ئێستاش ٤٥٠ چەتەى داعش گواستراونەتەوە بۆ عێراق.
ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەبارەت بە ژمارەى ئەو چەتانەى داعش، کە لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق و پڕۆسەی داداگایکردنییان، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ژمارەی چەتەکانى داعش کە گەیشتوونەتە عێراق نزیکەی ٤٥٠ چەتەیە، لە کۆی ٧ هەزار کەس، کە بڕیارە بهێنرێنە عێراق، زۆرینەی ڕەهای چەتەکانى داعش لە زیندانەکانی سووریادا ماون و هێشتا نەگوازراونەتەوە، ئەوان لە نەتەوەی جۆراوجۆرن.
ئاماژە بەوەشکراوە، ، دەسەڵاتی دادوەری عێراق بەپێی یاسا ناوخۆییەکان دادگاییکردنی ئەو ئەندامانەی داعش کردووە، کە لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق و سەلمێنراوە بەشداری تاوانەکانیان لە چوارچێوەی خاکی عێراقدا کردووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو ئەندامانەی داعش لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق ئەگەر تاوانبار نەبن، دەگوازرێنەوە بۆ ناوەندەکانی چاکسازی.
جێگەى ئاماژەیە، دواى ئەوەى چەتەکانى جۆلانى دەستیان بەسەر زیندانییەکانى داعش لە سووریادا گرت، ئەمریکا بڕیارى دا حەوت هەزار لەو چەتانە بگوازێتەوە بۆ عێراق، حکومەتى عێراقیش بڕیاریدا لە زیندانییەکانى حلە، ناسرییە و نەینەوا جێگریان بکات.
