پۆڵ وێر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی ڕایگەیاند، کۆمپانیاکەیان لە پێگەیەکی ستراتیژی و دارایی باشدایە و تەنانەت بە فرۆشتنی نەوت بە نرخی ٣٠ دۆلاریش لە بازاڕی ناوخۆدا، دەتوانن تێچووەکانیان دابین بکەن و پڕۆژەکانیان پێش بخەن.
کۆمپانیاکە ئاشکرای کرد، ئاستی بەرهەمهێنانیان لە کێڵگەی تاوکێ گەشەی کردووە؛ بە جۆرێک لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵدا تێکڕای بەرهەمهێنان گەیشتووەتە ٧٧,٢٧٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو ٧٤,١٤٠ بەرمیل بووە. ئەم زیادبوونەش لە کاتێکدایە کە هیچ بیرێکی نوێ هەڵنەکەندراوە و تەنیا پشت بە چاککردنی بیرە کۆنەکان بەستراوە.
سەبارەت بە هەناردەکردن و فراوانکردنی کارەکان، گەنەڵ ئینێرجی ئاماژەی بەوە کردووە کە قۆناغی یەکەمی ڕێکخستنی نوێی هەناردەی نەوتی هەرێم ڕاگەیەندراوە. هاوکات، کۆمپانیاکە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان، کارەکانی لە عومان و سۆماڵیلاند فراوانتر دەکات و بەردەوامە لە گەڕان بەدوای دەرفەتی نوێ لە ناوچە جیاوازەکاندا.
لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە، کۆمپانیاکە جەختی لە بەردەوامی پڕۆژەی (Genel20) کردەوە بۆ دابینکردنی سکۆلەرشیپ بۆ دەرچووە یەکەمەکانی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان، وەک پابەندییەکی درێژخایەن بەرامبەر بە کەرتی پەروەردە لە ناوچەکەدا.
