Apora Logo

نێچیرڤان بارزانی لە یادی 1ی شوبات: باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدان یەکڕیزییە

نێچیرڤان بارزانی لە یادی 1ی شوبات: باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدان یەکڕیزییە

ئاپۆڕا نیوز - بەشی هەواڵ

1/2/2026

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

 

ئەمڕۆ بە رێز و شکۆوە یادی شەهیدانی نەمری مەرگەساتی 1ی شوباتی 2004 دەکەینەوە، ئەو رۆژەی تیرۆریستانی تاریکپەرست لە بەیانییەکی جەژندا، بە رق و کینەیەکی رەشەوە، دوو بارەگای سەرەکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان لە هەولێر کردە ئامانج و کۆمەڵێک سەرکردە و تێکۆشەری دیار و هاووڵاتیی بێتاوانیان شەهید و بريندار کرد.

 

شەهیدانی 1ی شوبات، سیمبوولی پێکەوەژیان، یەکڕیزی و تێکەڵبوونی خوێنی رۆڵەکانی كوردستانن لەپێناو ئازادی و سەرفرازیدا. ئەوان لە کاتێکدا شەهید بوون کە خەریکی پیرۆزبایيی جەژن و بەهێزکردنی تەبایی و خۆشەویستی بوون، بۆیە یادکردنەوەیان تەنها وەبیرهێنانەوەی ئازارێک نییە، بەڵکو جەختکردنەوەیە لەسەر ئەو بەهایانەی ئەوان لەپێناویدا گیانیان بەخشی.

 

باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدانی 1ی شوبات و سەرجەم شەهیدانی کوردستان، پاراستنی دەستکەوتەکان، قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەکارکردن و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکانە. دەبێت ئەم یادە بکەینە هەوێنی تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و کارکردن بۆ بنیاتنانی داهاتوويه‌كى گەشتر بۆ نەوەکانمان کە شایستەی قوربانیدانی شەهیدانمان بێت.

 

دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی 1ی شوبات و سەرجەم شەهیدانی کوردستان. سڵاو و سەربەرزی بۆ کەسوکاری سەربەرزیان.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

2026/2/1



;