ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق لە پۆستەکەی دورخرایەوە، کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لە لایەن دۆناڵد ترەمپ هەڵبژێردرابوو بۆ ئەو پۆستە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١ـی شوباتی ٢٠٢٦، ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز وتی، مارک ساڤایا دوای سێ مانگ لە پۆستەکەی دورخرایەوە و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە نەیتوانیوە رێگری لە کاندیدکردنی نوری مالیکی بکات، کە ئەمەش پێچەوانەی هۆشدارییەکانی پێشووی دۆناڵد ترەمپ بووە بۆ حکومەتی عێراق.
وتیشی، دۆناڵد ترەمپ هۆشداری توندی داوەتە عێراق ئەگەر نوری مالیکی ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران، ئەمریکا پشتگیرییەکانی دەوەستێنێتت بۆ عێراق.
هاوکات سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن، تۆم باراک، نێردەى تایبەتى ئەمریکا بۆ کاروبارى سوریا کە لەم دواییانەدا چەندجارێک سەردانى هەولێرى کرد، ئەگەری بەهێزە کە ببێتە نوێنەرى ترەمپ بۆ کاروبارى عێراق.
ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە، کە چاوەڕوان دەکرا مارک ساڤایا رۆڵی نێوەندگیری گرنگی هەبێت لە نێوان تیمی نوێی ترەمپ و حکومەتی عێراق ، بەڵام لە ئێستادا نادیارییەک لە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتدا دروست بووە.
