Apora Logo

بە بانگەوازەکەی بەردەم کونسڵخانەی ئەمەریکا دەستمان پێکرد

بە بانگەوازەکەی بەردەم کونسڵخانەی ئەمەریکا دەستمان پێکرد

هیوا سه‌ید سه‌لیم

31/1/2026


 

 ئەمڕۆ ١٢ ڕۆژە بۆ پشتیوانی بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان بە چالاکی جۆراوجۆر لەسەر شەقامین، سەرەتا بە بانگەوازی گردبوونەوەی بەردەم کونسڵخانەی ئەمەریکا لە شاری هەولێر دەستمان پێکرد، ئەو بانگەوازەی سەدان کەسی لە ماڵەوە هێنایە دەرەوە و تا بەرەبەیان بۆ ئیدانەی پەلامارەکانی سوپاکەی جۆلانی و چاوپۆشی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە قڕکردنی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا لەسەر شەقام مانەوە.





مەترسیەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان و بەرخۆدانی قارەمانانەی گەلەکەمان و کۆچبەربوونی هەزاران خێزان و گەمارۆدانی شاری کۆبانی بەو چلەی زستانە، بیرۆکەی دامەزراندنی گروپی پشتیوانی ڕۆژئاوای هێنایە پێشەوە.

ڕۆژی ٢٠/١/٢٠٢٦ دوای گفتوگۆیەکی هاوڕێیانە لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتی (سیاسی و چالاکی مەدەنی) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە بەردەم کەناڵەکانی راگەیاندن (گروپی پشتیوانی ڕۆژئاوا) ڕاگەیندرا، ئێستا کە ئەو نووسینە دەنووسین ١٢ ڕۆژە ئێمە لە چالاکی بەردەوامین و ڕۆژانە بەسەدان کەس بە پیر بانگەوازەکانمان هاتووە.




لێرەدا سوپاسی زۆرمان هەیە بۆ ئەو پۆڵە هاوڕێیەمان و هەموو ئەوانەشی کە لەو چەند ڕۆژە هاوکارمان بوونە، بە تایبەت دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە تەواوکاری کارەکانی ئێمە بوونە، هەروەها هاوڕێیانمان لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان لە ئەنجومەنی سەرتاسەری پشتیوانی ڕۆژئاوا و ڕەوندی کوردی لە (ئەمەریکا، ئوسترالیا، کەنەدا، تەواوی وڵاتەکانی ئەوروپا).

ئەزموونی ئەو چەند ڕؤژەی چالاکیەکانمان پێیان گووتین کە کورد ئەگەر پێشەنگی هەبێت ئامادەیە بۆ هەر کارێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەرووی هەموو ئاڵایەکی دیکەی حزبی هەڵدەکات.

لە کۆتاییدا دەڵێین هیوادارین دەستبارێکی خەبات و بەرخۆدانی ڕۆژئاوامان گرت بێت، بەشێک بووبین لە یەکڕیزی گەلی کوردستان و جۆشدانی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی.

 










;