Apora Logo

سەرەڕای شەڕ و ئاڵۆزییەکان؛ لە ڕۆژئاوای کوردستان مووچەی مانگ یەک دابەشکرا

سەرەڕای شەڕ و ئاڵۆزییەکان؛ لە ڕۆژئاوای کوردستان مووچەی مانگ یەک دابەشکرا

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

31/1/2026

لە کاتێکدا شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامن، سیستەمی دابەشکردنی مووچە پێش هەرێمی کوردستان کەوتووە و فەرمانبەرانی ئەوێ مووچەی مانگی یەکی ساڵی نوێیان وەرگرت.


بە پێی بەدواداچوونەکانی ڕۆژنامەنووس (محەمەد ڕەووف)، سەرەڕای بوونی گرژییە سەربازییەکان لە نێوان شەرڤانانی کورد و چەکدارانی سەر بە حکومەتی سووریا، چەند ڕۆژێکە پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک (1) لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستی پێکردووە.


ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاشکراشیدەکات، لە ڕۆژئاوای کوردستان فەرمانبەران بەسەر دوو جۆر سەرچاوەی دارایی و مووچەدا دابەش دەبن؛


ئیدارەی خۆسەر: کە ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی فەرمانگە و دامەزراوەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی دابەش دەکات.


حکومەتی ناوەندی سووریا: بەشێک لە فەرمانبەران هێشتا لەسەر میلاکی حکومەتی دیمەشق ماونەتەوە. ئەمانە یان مانگانە مووچە وەردەگرن، یان لە کاتی ئاڵۆزییە سەربازییەکاندا مووچەکانیان بۆ کەڵەکە دەکرێت و دواتر بەسەریەکەوە (دوو یان سێ مانگ جارێک) وەری دەگرن.


ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی دارایی خراپدا دەژین، مووچەخۆرانی تا ئێستا نەک هەر مووچەی مانگی یەک، بەڵکو مووچەی مانگەکانی (10 و 11)ی ساڵی ڕابردووشیان وەرنەگرتووە.


ئەم جیاوازییە لە دابەشکردنی مووچەدا لە کاتێکدایە کە ڕۆژئاوای کوردستان لە ژێر گەمارۆ و شەڕێکی سەختدایە، بەڵام توانیویانە سیستەمی بژێوی فەرمانبەران بە جێگیری بهێڵنەوە

;