لە کۆتا ڕۆژی چالاکییەکانی هەڵمەتی نیشتمانیی "سەبر باژۆیە"، داتا و زانیاری نوێ سەبارەت بە دۆخی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان خرانە ڕوو. د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، ڕایگەیاند کە بەهۆی ستراتیژی نوێی حکومەتەوە، ژمارەی قوربانیانی هاتووچۆ بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت ئاماژەی بەوە کرد، جێگیرکردنی کامێراکانی چاودێریی خێرایی لە جۆری (Point to Point) کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر پاراستنی گیانی هاووڵاتیان. بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا توانراوە ڕێژەی مردن و برینداربوون بە ڕووداوەکانی هاتووچۆ 60٪ کەم بکرێتەوە.
سەبارەت بەو ڕووداوانەی لە ساڵی 2025 تۆمارکراون،
د. هێمن میرانی ڕایگەیاند: "زۆربەی ئەو ڕووداوە سەختانەی پێویستییان بە چاودێریی چڕ هەبووە، ماتۆڕسکیل لایەنی سەرەکی بووە."
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سبەینێوە ڕێکاری توند بەرامبەر هەموو ئەو ماتۆڕسکیلانە دەگیرێتەبەر کە تابلۆیان نییە و تۆمار نەکراون.
ئاشکراشیکرد، وەزارەتی ناوخۆ وەک پاڵپشتییەک بۆ پاراستنی ژینگە، ئاسانکارییەکی زۆری بۆ هاووڵاتیان کردووە، گوتیشی، تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی هایبرید بەبێ وەرگرتنی هیچ رسوماتێک ئەنجام دەدرێت.
جەختیلەوەشکردەوە، حکومەت هانی شۆفێرانی تەکسی دەدات کە ئۆتۆمبێلەکانیان بکەنە هایبرید یان کارەبایی.
دەربارەی هەڵمەتی "سەبر باژۆیە"
ئەم هەڵمەتە لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیاری و بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی نێوخۆ بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوام بوو. ئامانجی سەرەکی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی هاتووچۆ و کەمکردنەوەی سەرپێچییەکان بوو کە ئەمڕۆ لە چوارچێوەی لووتکەی تەندروستیی کوردستان کۆتایی بە چالاکییەکانی هات.
