Apora Logo

عێراق یەدەگی زێڕەکەی زیاد دەکات؛ پلەیەکی نوێی لە ئاستی جیهان بەدەستهێنا

عێراق یەدەگی زێڕەکەی زیاد دەکات؛ پلەیەکی نوێی لە ئاستی جیهان بەدەستهێنا

ئاپۆڕانیوز - بەشی ئابووری

31/1/2026

لە هەنگاوێکی ستراتیژیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵاوسانی ئابووری جیهانی، بانکی ناوەندی عێراق پێگەی خۆی لە لیستی گەورەترین بانکە ناوەندییەکانی کڕیاری زێڕ بەهێزتر کرد. بەپێی نوێترین داتاکانی ئەنجومەنی جیهانی زێڕ، عێراق لە ساڵی 2025دا توانیویەتی پلەی هەشتەمی جیهانی بەدەستبهێنێت.

بە ئامانجی دروستکردنی پەناگەیەکی سەلامەت بۆ دارایی وڵات و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دراوە بیانییەکان، عێراق لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا 11.9 تۆن زێڕی کڕیوە و خستوویەتییە سەر یەدەگی نیشتمانی.


شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ڕەوتە تەنها تایبەت نییە بە عێراق، بەڵکو شەپۆلێکی جیهانییە لەنێوان بانکە ناوەندییەکاندا.


هۆکارە سەرەکییەکان بریتین لە:

بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان: زێڕ هەمیشە بەهاکەی دەپارێزێت کاتێک دراوەکان دادەبەزن.

سەقامگیری سیاسی و ئابووری: وەک یەدەگێکی جێگیر لە کاتی قەیرانە نێودەوڵەتییەکاندا سەیر دەکرێت.

جۆراوجۆرکردنی یەدەگ: کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پشتبەستن بە تەنها یەک دراوی دیاریکراو.


ڕیزبەندی وڵاتانی جیهان لە کڕینی زێڕدا (2025):

پۆڵەندا بە کڕینی 101.9 تۆن لە پلەی یەکەمدایە و کازاخستان بە 56.9 تۆن لە پلەی دووەم دێت، دواتر بەڕازیل بە 42.7 تۆن، ئازەربایجان بە 38.2 تۆن پلەی چوارەمی بەدەستهێناوە. چین بە کڕینی 26.7 تۆن لە پلەی پێنجەمدایە و تورکیا بە 26.6 تۆن لە پلەی پێنجەم دێت، دواتر کۆماری چیک بە 20.4 تۆن.


هەروەها لە لیستەکەدا وڵاتی کەمبۆدیا بە کڕینی 7.9 تۆن و ئۆزبەکستان بە 7.7 تۆن لەخۆ گرتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕەوتی جیهانی لە نێوان بانکە ناوەندییەکان بۆ بەرزکردنەوەی یەدەگی زێڕ و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دراوە بیانییەکان.

;