لە نوێترین زنجیرە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە سوریا، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ گیانلەدەستدانی پێنج دەستبەسەرکراوی تریان لە ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئەو وڵاتەدا ڕاگەیاند، کە ئەمەش نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکانی لەسەر دۆخی زیندانیان چڕتر کردووەتەوە.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، چوار هاووڵاتی كورد لە دانیشتوانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، کە لە کاتی ڕووداوەکانی 26ی کانوونی دووەمدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوون، لەژێر ئەشکەنجەی تونددا گیانیان لەدەستداوە.
لە لایەکی ترەوە و لە نێو زیندانەکانی شاری حومس، ڕوانگەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە 9ی کانوونی دووەمدا، هاووڵاتییەکی عەلەوی لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی حکومەتدا گیانی سپاردووە. ئەم ڕووداوانە دەریدەخەن کە مەترسییەکانی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن بێ جیاوازی هەموو پێکهاتەکان دەگرێتەوە.
چاودێرانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن کە ئەم جۆرە پێشێلکارییانە "ئاشکرا و سیستماتیکن" و داوا دەکەن لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ دەستبەسەرکراوان لە سوریا بکرێت، چونکە ژیانی هەزاران کەسی تر لە نێو ئەو زیندانانەدا لەژێر هەڕەشەی جددیدی دایە.
