Apora Logo

راپۆرتێکی شۆککەر: 11.5 %ی مووچەی عێراق بۆ سێ سەرۆکایەتییەکە دەڕوات

راپۆرتێکی شۆککەر: 11.5 %ی مووچەی عێراق بۆ سێ سەرۆکایەتییەکە دەڕوات

ئاپۆرا نیوز- بەشی ئابوورى

31/1/2026

لە کاتێکدا فەرمانبەرانی عێراق بەدەست دواکەوتنی مووچە و قەیرانی نەختینەوە دەناڵێنن، ڕاپۆرتێکی نوێی "ڕوانگەی ئیکۆ عێراق" ئاشکرای دەکات کە خەرجیی مووچەی سێ سەرۆکایەتییەکە گەیشتووەتە ئاستێکی "فەلەکی" و نادادپەروەرانە.


بەپێی زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکە، تا مانگی تشرینی دووەمی 2025، کۆی گشتی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت 56 تریلیۆن دینار بووە. ڕوونیشیکردەوە: "بمووچەی ئەنجومەنی وەزیران نزیکەی 5.9 تریلیۆن، ئەنجومەنی نوێنەران 0.5 تریلیۆن، و سەرۆکایەتی کۆمار 0.04 تریلیۆن دینارە، بەمەش کۆی گشتی مووچەی سێ سەرۆکایەتییەکە دەگاتە 6.46 تریلیۆن دینار."


ئەم ئامارانە دەریدەخەن کە تەنها سێ دامەزراوە نزیکەی 11.5 %ی تەواوی بودجەی مووچەی وڵات بۆ خۆیان دەبەن، لە کاتێکدا ملیۆنان فەرمانبەر لە وەزارەتە خزمەتگوزارییەکاندا بە مووچەیەکی کەم کار دەکەن.


ڕوانگەی ئیکۆ عێراق لە بەیاننامەکەیدا ڕەخنەی توند ئاراستەی حکومەت دەکات و ڕایدەگەیەنێت: "ئەم نفقاتە فەلەکییانە لەسەر حیسابی خزمەتگوزارییە گشتییەکانە و بە هەدردانی ماڵی گشتی ئەژمار دەکرێت." هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم سێ سەرۆکایەتییە دامەزراوەی خزمەتگوزاری نین و هاووڵاتی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سوود لە کارەکانیان وەرناگرێت.


ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە زۆربەی وەزارەتەکانی عێراق تا ئێستا مووچەی مانگی یەکیان وەرنەگرتووە. سەرچاوە ئاگادارەکان باس لەوە دەکەن کە وەزارەتی دارایی بەهۆی نەبوونی نەختینە (سولە) پەنای بۆ "گواستنەوەی پارە" (المناقلة) لە نێوان فەرمانگەکاندا بردووە بۆ ئەوەی بتوانێت مووچەی ئەم مانگە دابین بکات.


شارەزایان پێیان وایە بەردەوامیی ئەم دۆخە نیشانەی تێکچوونی "ئەولەویەتەکانی خەرجکردنە" لە عێراق. لە کاتێکدا وڵات بەدەست کەمیی پارە لە بانکەکاندا دەناڵێنێت، خەرجکردنی تریلیۆنان دینار بۆ پلە باڵاکان نادادپەروەرییەکی قووڵ و نائارامیی کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە.

;