فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) هۆشدارییەکی "توند و بێپەردە" ئاراستەی سوپای پاسدارانی ئێران دەکات و ڕایدەگەیەنێت، هیچ جۆرە ڕەفتارێکی ناپیشەیی و مەترسیدار لە گەرووی هورمز قبوڵ ناکەن کە ببێتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی دەریایی.
ئەم هۆشدارییەی ئەمریکا دوای ئەوە هات کە ئێران ڕایگەیاند، سوپای پاسداران ڕۆژی یەکشەممە مانۆڕێکی دەریایی دوو ڕۆژە بە بەکارهێنانی "تەقەمەنی زیندوو" لە گەرووی هورمز ئەنجام دەدات. سێنتکۆم دەڵێت، هەرچەندە ئێران مافی کارکردنی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە، بەڵام دەبێت پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا بە ڕوونی چەند هێڵێکی سووری بۆ هێزەکانی ئێران دیاری کردووە ڕایگەیاندوە، نابێت سوپای پاسداران لە کاتی مانۆڕەکاندا ئازادیی دەریاوانیی نێودەوڵەتی نەخاتە مەترسییەوە.
جەختیشیکردۆتەوە، کە بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە هیچ ڕەفتارێکی «ناپارێزراو یان نائەزموونی» ناکەن لە نزیک هێزەکانی ئەمریکا، هاوبەشە هەرێمییەکان، یان کەشتییە بازرگانییەکان؛ هەروەها هۆشداریی دا کە ئەم جۆرە ڕەفتارانە مەترسیی پێکدادان و پەرەسەندنی گرژییەکان زیاد دەکەن.
فەرماندەیی ناوەندی لە بەیاننامەیەکدا لەسەر سەکۆی «ئێکس» ڕایگەیاند: "ئێمە بەرگەی هیچ کارێکی ناپارێزراوی سوپای پاسدارانی ئێران ناگرین، لەوانە: فڕینی فڕۆکەکانی بەسەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکادا لە کاتی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکاندا، یان فڕین لە بەرزییەکی نزمدا یان بە شێوەیەکی چەکداری بەسەر سەروەت و سامانە سەربازییەکانی ئەمریکادا کاتێک مەبەستەکان ڕوون نین، یان نزیکبوونەوەی بەلەمی خێرا بە ئاراستەی پێکدادان لەگەڵ کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا، یان نیشانگرتنی چەک بەرەو هێزەکانی ئەمریکا".
بەیاننامەکە جەختی لە گرنگیی گەرووی هورمز کردەوە وەک ڕێڕەوێکی دەریایی نێودەوڵەتی کە پاڵپشتی لە گەشەسەندنی ئابووریی ناوچەکە دەکات، ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕۆژانە نزیکەی 100 کەشتیی بازرگانی لە سەرانسەری جیهانەوە بەو گەرووەدا تێدەپەڕن.
