ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە ئەنجامدرا، لەگەڵ لێکتێگەیشتن لەسەر یەکخستنی قۆناغ بە قۆناغی هێزی سەربازی و ئیداری لە نێوان هەردوولادا. ڕێککەوتنەکە بریتییە لە کشانەوەی هێزە سەربازییەکان لە خاڵەکانی بەرکەوتن، هاتنە ناوەوەی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ و دەستپێکردنی یەکخستنی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکە، هەروەها پێکهێنانی فیرقەیەکی سەربازی کە لە سێ لیوا پێکهاتووە لە هێزەکانی ئێس دی ئێف، ئەمە جگە لە پێکهێنانی لیوایەک لە هێزەکانی کۆبانی لە چوارچێوەی فیرقەیەکی سەر بە هێزەکانی کۆبانی لەگەڵ پارێزگاری حەلەب. هەروەها ڕێککەوتنەکە بریتییە لە یەکخستنی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەر بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا، لەگەڵ ڕێکخستنەوەی فەرمانبەرانی حکومی. جگە لەوەش ڕێککەوتن لەسەر یەکلاکردنەوەی مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی گەلی کوردستان و زامنکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان کرا. ئامانجی ڕێککەوتنەکە یەکخستنی خاکی سوریا و بەدیهێنانی یەکگرتنی تەواو لە ناوچەکەدا لە ڕێگەی پتەوکردنی هاریکاری نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە)
