لیندسی گراهام بەڵێنەکەی بەجێگەیاند و پرۆژە یاساکەی بە فەرمی پێشکەشی کۆنگرێس کرد.
پرۆژەکە بەهاوبەشی لەگەڵ ریتچارد پلومەنتال، کۆنگرێسمەنی دیموکڕات، پێشکەش کرا، ئەمەشبایەخی خۆی هەیە.
بۆ ئەوەی ببێتە یاسا دەبێت پرۆژە یاساکە بە چوار فلتەردا تێپەڕێت.
·
_ فیلتەری یەکەم، لیژنە پەیوەندیدارەکانە، لەوانەش پەیوەندیەکانی دەرەوە، بەرگری و دارایی. سەرەتا دەبێت ئەوانە دەنگ لەسەر پرۆژەکە بدەن و لەم فیلتەرە تێپەڕێت.
·
_ فیلتەری دووەم، ئەنجومەنی پیرانە.
ئەگەر پرۆژە یاساکە لە لیژنەکان دەنگی پێویستی هێنا، نۆرەی دەنگدانی ئەنجومەنی پیران دێت.
·
- فیلتەری سێیەم، ئەنجومەنی نوێنەرانە. دوای دەنگدان و تێپەڕینی بە فیلتەری پیراندا، نوێنەران دەنگ لەسەر پرۆژە یاساکە دەدەن.
·
- دوا فیلتەر ترەمپە و ئەو بڕیار دەدات واژۆی بکات یان نا.
·
پرۆژەکە بە پێنج قۆناغ دەبێتە یاسا.
لە ئێستادا تەنها قۆناغی یەکەمی تێپەڕاندووە. پڕۆژەکە، کە بە سزای توند و پەکخەر” پێناسەکراوە، شەش میکانیزمی بە ئامانجی پاراستنی کورد لە هێرشی سەربازی، پێشکەش کردووە.
میکانزیمەکان:
- میکانیزمی یەکەم، سەپاندنی سزای ئابووری ناچاری (ئیلزامی)ە بەسەر هەر حکومەتێک یان گروپێک کە بیەوێت هێرش بکاتە سەر کورد.
- میکامیزمی دووەم، سەپاندنی سزای ئابوریە بەسەر هەر کیان یان لایەنێکی
دەرەکیدا کە پشتیوانی سەربازی، ئابوری یان نەختینەیی سوریەکان بکات بۆ هێرشکردنە
سەر کورد.
- میکانیزمی سێیەم، سەرلەنوێ پۆلێنکردنەوەی باندی هەیئەی تەحریری شامە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی نێودەوڵەتی.
- میکانیزمی چوارەم رێگری لە دەرکردنی سوریا لە لیستی تیرۆر دەکات. یاساکە دەسەڵاتی چاودێری دەداتە کۆنگرێس بەر لەوەی بڕیار بدرێت سوریا لە لیستی تیرۆر دەربکرێت.
- میکانیزمی پێنجەم، لەحاڵەتی وەستانی دوژمنکاری دژی کورد، یاساکە دەسەڵاتی لادانی گەمارۆ دەداتە سەرۆک، بەڵام لەهەمان کاتدا، ئەگەر هێرش بکرێتەوە سەر ژورد، راستەوخۆ گەمارۆکان دەسەپێنرێنەوە.
- میکانیزمی شەشەم، داننانی فەرمیە بە هەسەدە، ئەمەش بەهۆی رۆڵی لە شەڕی دژی داعشدا.
پرۆژە یاساکە زۆر گرنگ و جدییە و ببێتە یاسا، ئۆتۆماتیکی رۆژاڤا دەبێتە هەرێمێکی پارێزراو. بەکورتی، میکانیزمی یەکەم و سێیەم و چوارەم و پێنجەم شەڕەنگێزی باندەکانی جۆلانی و خێڵە ئەعڕابیەکان دژی کورد رام و سنووردار دەکات.
میکانیزمی دووەم سنوورێک بۆ شەڕەنگێزی و گوندەیی و پیلانە دوژمنکارییەکانی تورکەکان و پشتیوانی دارایی شێخنشینەکانی کەنداو دژی کورد دادەنێت.
میکانیزمی شەشەم، پارێزبەندی دەداتە هەسەدە و پشتیوانی هەمەلایەنە و درێژماوەی ئەمریکای بۆ دەستەبەر دەکات. لە هەمووشی گرنگتر، کۆی هەر شەش میکانیزمەکە کورد لە بێمۆڕاڵی و بەدمیزاجی ترەمپ و دەڵاڵەکەی، تۆم باراک دەپارێزێت. تێپەڕاندنی پڕۆژەکە هەروا ئاسان نییە و رەنگە چەند هەفتە و مانگێکی بووێت تا هەموو فیلتەرەکان تێپەڕێنێت. بە دیوە ئەرێنییەکەیدا، لیندسی کۆماریە و ریتچاردیش دیموکڕات، ئەمە کار ئاسانییەکی زۆر بۆ دەنگدان و تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساکە لەلایەن کۆنگرێسمانەکانی هەردوو حیزبەوە، دەکات. بەگشتی لە کۆنگرێس جۆرە کۆدەنگییەک لەسەر بەرپرسیارێتی مۆڕاڵی و ئەرکی ستراتیژی ئەمریکا بۆ پاراستنی کورد هەیە. میدیای ئەمریکی، لەناویشیاند میدیا سەرەکییەکانی لەبابەتی فۆکس و ناشناڵ پێداگری لەسەر هاوپەیمانێتی و پشتیوانی کورد دەکەن.
پرۆژەکە سێ بەربەستی جدی لەپێشە.
- یەکەم و گەورەترین بەربەست لەبەردەم تێپەڕینی پرۆژەیاساکە رەزامەندی ترەمپە. بۆ ئەوەی تێپەڕێت، پرۆژەکە پێویستی بە واژۆ و بەکار نەهێنانی ڤیتۆیە لەلایەن ترەمپ.
مەترسیەکە لەوەدایە، پڕۆژەکە کارتی کورد لەدەست ترەمپ دەردەکات و تا چەند ئەمەی بۆ قووت دەدرێت، پەیوەندی بە کۆمەڵێک فاکتەری کوردی و سوری و هەرێمی و ڕای گشتی ئەمریکییەوە هەیە.
- بەربەستی دووەم، باراک و هەڵقەی ئیداری نزیک لە ترەمپە کە پێداگری لەسەر دەسبەرداربوونی کورد و بەسەرچوونی هاوپەیمانێتی و رۆڵی کورد دەکەن.
- بەربەستی سێیەم لۆبی میحوەری شەڕ و دژە کوردییە.
قۆناغی داهاتوو، تا تێپەڕینی پرۆژەیاساکە، قۆناغی لۆبیکردنی میحوەری شەڕی تورکەکان و سەعودی و قەتەریەکانە. کورد ئەو لۆبی و ئیمکاناتی داراییەی نییە تا رێگری و ئیحتیوای لۆبی تورکەکان و قەتەری و سەعودیەکان بکات. بەڵام کورد چەکێکی کاریگەری هەیە، هێزی پشتیوانی ملیۆنی کە ئەم هێزەی لەسەر شەقانەکاننی کوردستان و دونیا و لە خۆپیشانی دەیان هەزاریدا نمایش کرد سەرنجی جیهان بەگشتی و میدیا و رای گشتی وبەتایبەت هی ئەوروپی و ئەمریکیەکانی راکێشا. ئەم یەک بوون و یەک دەنگییەی کوردان چەکێکی کاریگەرە و ئەگەر بەهەمان رۆحی هاوسۆزی و یەک ئیرادەیی و یەک ئامانجی دوو هەفتەی رابردوو، بەردەوام بین لە پشتیوانی رۆژاڤا، هاوکارییەکی جددی و کاریگەر دەبێت بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاساکە.دواجار ئەگەر لیندسی و ریچارد سەرکەوتووش نەبن لە تێپەڕاندنی پرۆژە یاساکە، هێشتا لەرووی مەعنەویەوە بە دوو شێوە مانا بەخشە بۆ کورد.
- یەکەم، ئەگەر کاتیش بێت لەم دۆخە دژوارەی کورد کە بارگاویە بە هەستی غەدر و خیانەت لێکردن، لە روانگەی کوردەوە مۆڕاڵی لیندسی گراهام پاشەکشە بە دونیای بێمۆڕاڵی ترەمپ و باراک و هاوشێوەکانی دەکات، ئەمەش لەرووی مەعنەویەوە بۆ ئێستای کورد گرنگە.
- دووەم، ئێستا کورد کە دۆخی شەڕ و دانوساندایە وبوونی پڕۆژەیاسایەکی لەو جۆرە پشتیوانی و کارتێکی بەرجەستەیە و کورد دەتوانێت بۆ دابین کردنی مافەکانی لەسەر مێزی دانوسان تەوزیفی بکات.
